دژەتیرۆر: تیرۆریستێک لە تەکیە دەستگیرکرا کە لە عێراق داواکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر (CTG) لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤدیۆی کاتی دەستگیرکردنی کەسێکدا رایگەیاند، "تیرۆریست"ێکیان لە ناحیەی تەکیە دەستگیرکردووە.
 
شەوی 23ـی شوباتی 2024، دژەتیرۆر رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە سنووری ناحیەی تەکیە لە قەزای چەمچەڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەو کەسەیان دەستگیر کردووە.
 
دەستگیرکراوەکە ناوی بە (ض، ض، خ، ح) هاتووە و لەدایکبووی 1988ی قەزای حەویجەیە لە پارێزگای کەرکووک.
 
دژەتیرۆر دەڵێت، تۆمەتبارەکە "پێشینەی کاری هەبووە لە ناو رێکخراو و گرووپە تیرۆرستییەکاندا و لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە بە مادەی 4ی تیرۆر داواکراو بووە".
 
بەگوێرەی دژەتیرۆر، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە رادەستی یاسا کراوە.
 
22ـی ئەم مانگەش دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان- سلێمانی رایگەیاند، "دوو گروپی تیرۆریستی"یان لە رانیە، قەڵادزێ، ژاراوە، حاجیاوا و شکارتە دەستگیرکردووە، کە 30 کەس بوون و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە "فکرەی توندڕەوی داعشیان" بڵاوکردووەتەوە.