بافڵ تاڵەبانی سەردانی پیرمام دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەی زەکیا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک مەسعود بارزانی دەبێت لە پیرمام. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام بەشدار دەبێت لە پرسەکەدا.
دوێنێ بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە هۆڵی تەشریفاتی بارەگای بارزانی لە شارۆچكەی سەلاحەدین پرسەکە بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بۆ بەشداری لە پرسەکە سەردانی پیرمام دەکات، کە بابەتێکی کۆمەڵایەتییە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ شەممە یەکەم رۆژی پرسەکە دەبێت و لە دوو کاتی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت، بەیانیان لە کاژێر :10:00 تاوەکو 12:00 و ئێوارانیش لە کاژێر 14:00 تاوەکو 17:00.
دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، رۆژی هەینی، زەکیا مەلا مستەفا بارزانی، خوشکی سەرۆک بارزانی، لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد.