لە شارەدێیەکی شرنەخ یەک بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە شارەدێیەکی شرنەخی باکووری کوردستان، تەنیا کەسێک خۆی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی بەربژێر کردووە.
جەوهەر بەنەک، لەسەر لیستی ئاکپارتی سەرۆکی شارەوانیی شارەدێی هیلالە سەر بە شارۆچکەی فارقین لە شرنەخ. هەر خۆی تاکە بەربژێری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئاداری ئەم ساڵە و رکابەری نییە.
جەوهەر بەنەک هاونیشتمانییەکی کوردی خەڵکی شارەدێی هیلالە و لە هەر سێ خولی هەڵبژاردنەکانی 2009، 2014 و 2019ـی شارەوانییەکاندا بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرا. بۆ جاری چوارەم خۆی بەربژێر کردەوە و کەس رکابەری ناکات.
مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکپارتی، عوسمان بەنەکی ئامۆزای جەوهەر بەنەک بەربژێرکرد بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەم شارەدێیە، بەڵام دواتر لە بەرژەوەندی ئاکپارتی کشاندیەوە.
جەوهەر بەنەک کێیە؟
ساڵی 1975 لە شارەدێی بەنەک لەدایکبووە
کوردە و بەربژێری ئاکپارتییە
دەرچووی ناوەندییە
1992-2009 سەرۆکی هێزی گوندپارێزانی شارەدێیەکە بوو
2009 بۆ یەکەمجار بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردرا
سێ خول سەرۆکی شارەوانییە
رۆژی 20ـی شوباتی 2024، دوایین رۆژ بوو بۆ رادەستکردنی لیستی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایەش، دەستەکە رۆژی 3ـی ئادار، پەسندکردنی لیستی بەربژێرەکان رادەگەیێنێت.
هەروەها رۆژی 21ـی ئادار، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 10 رۆژ ئەنجام دەدرێت و کاژێر 18:00ـی رۆژی 30ـی ئادار کۆتایی دێت. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی ئادار دەستپێدەکات.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.