لە لوڕستان لە 24 کاژێردا دەست بەسەر زیاتر لە 54 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، لە 24 کاژێردا دەستیان بەسەر زیاتر لە 54 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە. گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 54 چەکی جۆراوجۆر و 577 گولـلەدا گیراوە.
دوانیوەڕۆی یەکشەممە 23-02-2025 یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی تاوان، لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر 49 چەکی راوکردن، پێنج چەکی شەڕ و 577 گولـلەدا گرتووە، 34 کەسیش دەستگیر کراون.
یەحیا ئیلاهی گوتی، هەر لەو ماوەیەدا لەلایەن تیمەکانیانەوە دەست بەسەر 54 کیلۆ و 683 گرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان، پەیوەست بە دۆسیەکە پێنج بازرگانی مادەی هۆشبەر، 31 فرۆشیار دەستگیر کراون و 44 ئالوودەبووی مادەکەش نێردراونەتە ناوەندەکانی چاکسازی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەکو یەحیا ئیلاهی دەڵێت، دەستیان بەسەر 142 ئۆتۆمبێلی تایبەت و 20 ماتۆڕسکیلیشدا گرتووە.
پارێزگای لوڕستان بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ پێنج پارێزگای خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهانی ئێران، هەروەها دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر چی بۆ دەرەوە و چی بۆ نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پۆلیسی نەهیشتنی مادە هۆشبەرەکانی لوڕستان، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 19-10-2024، لە سنووری پارێزگاکە دەست بەسەر لانیکەم 12.5 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە و 24 باندی فرۆشتنی مادەکەش هەڵوەشێندراونەتەوە.