هەرێمی کوردستان داوای گەڕاندنەوەی چوار سزادراو لە ئێران دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەچوارچێوەی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران بۆ گۆڕینەوەی سزادراوان، داوای گەڕانەوەی 4 سزادراوی هەرێمی کوردستانیان لە ئێران کردووە.
ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، " بە فەرمی داوای گەڕانەوەی 4 هاونیشتمانیمان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، کە بە تۆمەتی جیا لە ئێران سزادراون، ریکارەکانیشمان دەستپێکردووە."
لەنێوان بەغدا و تاران، رێککەوتنێک هەیە بۆ گۆڕینەوەی زیندانییانی نێوان هەردوو وڵات کە هەولێریش تێیدا بەشدارە. رێککەوتنەکە بە گوێرەی چەند مەرجێکە کە دیاریکراون.
"بەندکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی کۆتاییان بە مانگرتن هێنا"
سەرەتای ئەم مانگە، نزیکەی 25 کەس لە بەندکراوانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی بۆ گەڕاندنەوەیان مانیان لە خواردن گرت و نزیکەی 10 رۆژ بەردەوام بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ناوی تەواوی ئەو سزادراوانەمان دایە بەرپرسانی ئێران، ئەوان لەسەر هێڵن بۆ چارەکردنی کێشە یاساییەکان، کە ئەو سزادراوانە سزای پێبژاردنیشیان لەسەرە، کۆنسووڵی ئێران گوتی لە دوو هەفتەدا کێشەکانیان چارەسەر دەکەن."
بەگوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، لە یەک هەفتەی داهاتوو ئێران کارە یاساییەکانی ئەو زیندانییانە تەواو دەکات و ئەوکاتە بەگوێرەی مەرجەکان هەر زیندانییەک مەرجی گەڕانەوەی هەبێت، دەگەڕێندرێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زۆرینەی ئەو کەسانەی حوکمدراون و داوای گەڕانەوە دەکەن بۆ ئێران، بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر سزادراون، بەشێکی دیکەشیان بەگوێرەی مادەکانی تیرۆر و دۆسییەی ئەمنی، حوکمدراون.
دوای مانگرتنی ئەو بەندکراوانە، شوان سابیر گەردی، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رووی مرۆڤایەتییەوە هاوسۆزی ئەو بەندکراوانەین، بەڵام لە رووە یاساییەکەوە نا، چونکە تێیاندایە بە بڕێکی زۆر هۆشبەرەوە دەستگیرکراوە و نابێت بنێردرێتەوە."