تۆم باراک ستایشی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سووریا، ستایشی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکات لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت، سەرۆک بارزانی "سەرکردەیەکی ئەفسانەییە" و خاوەن "حیکمەتێکی سەرسوڕهێنەرە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، 23-02-2026، سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە دیپلۆماتە ئەمریکییەکە کرد و پرسی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقیان تاوتوێ کرد.
وەک لە راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی دا هاتووە، سەرۆک بارزانی بە تۆم باراکی راگەیاندووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت".
لە بارەی ئەم هەڵوێستەی سەرۆک بارزانییەوە و وەک پشتیوانییەک بۆی، باراک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دا نووسیویەتی: ئەمە "حیکمەتێکی سەرسوڕهێنەرە لە سەرکردەیەکی ئەفسانەییەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆک بارزانی پێشتر روونیکردوەتەوە کە دەبێت لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیراندا، یەکڕیزیی نیشتمانی لەپێشینە بێت و رەنگدانەوەی خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بێت.
بەڵام دوای زیاتر لە چوار مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، ئەو هاوپەیمانییەی کە خاوەن زۆرترین کورسیە، بەدەست ناکۆکیی نێوخۆییەوە دەناڵێنێت و نەیتوانیوە لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەوێت.
کۆبوونەوەی تۆم باراک و سەرۆک بارزانی لە پیرمام بەڕێوەچوو و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئامادە بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، تۆم باراک ستایشی رۆڵی لەمێژینەی سەرۆک بارزانی کردووە لە هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. بەتایبەتی ستایشی هەوڵەکانی کردووە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان لە سووریاوە، لەنێویاندا ئاسانکاریکردن بۆ گفتوگۆکانی ئەم دواییە و رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). باراک ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی قەیران و ئاڵنگارییە سیاسییەکانی عێراق پشت بە "دانایی و رێنوێنییەکانی" سەرۆک بارزانی دەبەستێت.
سەردانەکەی باراک بۆ هەولێر دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە هات لە بەغدا، کە رۆژی 22ی شوبات گفتوگۆی "بەرهەمدار"ـی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، تێیدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، سەقامگیریی ناوچەکە، پێکەوەکارکردنی ئابووری و رۆڵی عێراق لە رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و پێشهاتەکانی وەکو گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق.
سەردان و کۆبوونەوەکانی باراک هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی جووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەکاتێکدا دوای هەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دووەم، فراکسیۆنە سیاسییەکان کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر بە روونی دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر بۆ پۆستەکە دەربڕیوە.
رۆڵی باراک وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ کاروباری سووریا، ئەو گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەخاتە چوارچێوەی هەوڵە بەرفراوانەکانی ئەمریکا بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە لە دوای ئاگربەستەکەی ئەم دواییەی سووریا و رێککەوتنەکانی تێکەڵکردنەوە. ستایشکردنیشی بۆ سەرۆک بارزانی، ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی پشتبەستنی ئەمریکا بە سەرکردایەتیی کورد، لەپێناو بەرەوپێشبردنی روانگەی ئەمریکی بۆ دەسەڵاتێکی گشتگیر و بەرەنگاربوونەوەی ناسەقامگیری.