پارێزگاری هەولێر: بەمزووانە کارەکانی شەقامی 150 مەتری دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەکی زۆر لە راگیرانی کارەکانی، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەم نزیکانە کۆمپانیای جێبەجێکار دەست بە کارەکانی تەواوکردنی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای هێمن گرووپ جێبەجێکردنی زۆر لە پڕۆژەکانی رێگەوبانی لەئەستۆیە و دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە کە یەکێک لەوانە جووتسایدی هەولێر – گۆمەسپان بوو، کۆمپانیاکە دەست بە تەواوکردنی شەقامی 150 مەتری دەکات.
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، "بەم نزیکانە کارەکانی شەقامی 150 مەتری دەستپێدەکات و ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردووە."
 
ئەندازیار ئەمیر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری رێگەوبان لە کۆمپانیای هێمن گرووپ بە رووداوی گوت، "لە کۆی 70 کیلۆمەتری شەقامەکە، تاوەکو ئێستا 24 کیلۆمەتر تەواوکراوە."
 
ئەمیر عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد، "لە چوارڕیانی رێگەی کۆیە بە سووڕانەوە تاوەکو چوارڕیانی رێگەی کەرکووک و لەوێ بەرەو موسڵ و لەوێشەوە تاوەکو رێگەی دهۆک، سەرجەم ئەو رووبەرە ماوە تەواو بکرێت."
 
ئەندازیارەکەی هێمن گرووپ دەڵێت، هێشتا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە نییە.
 
شەقامی 150 مەتری بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی هەولێر و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و درێژییەکەی 70 کیلۆمەترە. 25ی شوباتی 2021،  قۆناخی یەکەمی شەقامەکە کرایەوە.