سامی جەلال: سیستمی ئەسیکۆدا کۆنە و بۆ وڵاتە هەژارەکانە

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان رایدەگەیێنێت، کێشەی دەروازەکان و گومرگ لەگەڵ بەغدا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ناکۆکییەکی دەستوورییە و عێراق دەیەوێت بە عەقڵیەتێکی ناوەندی دەست بەسەر دەروازەکاندا بگرێت. دەشڵێت: "سیستمی ئەسیکۆدا کۆنە و لە بنەڕەتدا بۆ وڵاتە هەژارەکان دروستکراوە."
 
د. سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری سیستەمی ئەسیکۆدا، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات وردەکاریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی گومرگ، باجی کۆنتێنەر، گرانکردنی کاڵا و سەپاندنی سیستمی ئەسیکۆدا دەخاتەڕوو.
 
"ئەسیکۆدا بۆ وڵاتە هەژارەکانە و هەرێمی کوردستان سیستمی پێشکەوتووتری هەیە"
 
لەبارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ سەپاندنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگ ناسراو بە (ئەسیکۆدا) بەسەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا، سامی جەلال ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان دژی بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگ نین، بەڵام ئەو سیستمەی بەغدا داوای دەکات "کۆنە."
 
سامی جەلال دەڵێت: "ئەسیکۆدا بەرنامەیەکە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNTAD) بە دیاری و بەخۆڕایی بۆ فەقیرترین و هەژارترین دەوڵەتەکانی جیهان دروستکراوە، وەکو وڵاتانی ئەفریقیا و کاریبی. هەرچەندە دواتر عێراق بە نزیکەی 13 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار کڕیویەتی. ئێمە بە بەغدامان گوتووە، هەرێمی کوردستان 12 ساڵە سیستمێکی ئەلیکترۆنیی زۆر پێشکەوتووتری هەیە و دەتوانن سوودی لێوەرگرن، بەڵام ئەوان بە بڕیاری سیاسی رەتی دەکەنەوە."
 
سەرۆکی تیمی دانوستانکار هۆشداری دەدات لەوەی ئامانجی پشت سەپاندنی ئەسیکۆدا، بێبەشکردنی هەرێمی کوردستانە لە داهاتەکانی، و دەڵێت: "بەپێی ئەو سیستمە، بازرگان ئۆنلاین پارەی گومرگ دەداتە بەغدا، بەمەش بەغدا دەیەوێت لە دوورەوە گومرگەکانی ئێمە رەتبکاتەوە و بەرکەوتەی هەرێمی کوردستان زەوت بکات."
 
گرانکردنی گومرگ و بڕیاری کۆنتێنەر
 
بە گوتەی سامی جەلال، حکومەتی عێراق بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەی ماددەی 114ـی دەستوور کە دەڵێت (بەڕێوەبردنی گومرگەکان هاوبەشە)، چەندین بڕیاری تاکلایەنەی دەرکردووە کە زیانی گەورەی بە بازاڕ و بازرگانان گەیاندووە.
 
یەکێک لەو بڕیارانە، سەپاندنی باج بووە لەسەر قەبارەی کۆنتێنەر نەک بەهای کاڵاکە. سامی جەلال روونی دەکاتەوە: "بەغدا بڕیاری دا هەر کۆنتێنەرێکی 20 پێی (بەبێ گوێدانە ئەوەی بەهاکەی 10 هەزار دۆلارە یان 100 هەزار دۆلار) بڕی 2 ملیۆن دینار و بۆ 40 پێی بڕی 4 ملیۆن دینار باجی لێوەربگیرێت. ئەمە زیانی گەورەی بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەیاند و لە بەرژەوەندیی دەروازە ئاوییەکانی خوارووی عێراق بوو."
 
هەرچەندە دواتر عێراق ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام وەک سامی جەلال ئاماژەی پێدەدات، لە ساڵی 2025 بە بڕیاری ژمارە 270، عێراق بەبێ بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان، تەعریفەی گومرگیی سەرجەم کاڵاکانی بەرزکردەوە. "ئەم گرانکردنە وایکردووە بازرگانانی عێراقیش شێت ببن، بۆ نموونە کۆنتێنەرێک پێشتر بە دوو ملیۆن دینار گومرگ دەکرا، ئێستا بەهۆی زیادکردنی رێژەکە بۆ 30٪، دەبێت بازرگانەکە 3 ملیۆن دینار بدات، ئەمەش وایکردووە تەنانەت نرخی پیاڵەی چایش لە بازاڕەکانی عێراق گران بێت."
 
پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان و بازگەکانی نێوان شارەکان
 
سەرۆکی تیمی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان رەخنەی تووند لە سیاسەتی پەراوێزخستنی هەولێر دەگرێت لەلایەن بەغداوە و دەڵێت، عێراق ئێستا بەدەست قەیرانی نەختینە و دابەزینی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت پارە لە باج و گومرگ کۆبکاتەوە.
 
بۆ ئەم مەبەستەش، عێراق چوار بازگەی سەرەکی لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق داناوە. د. سامی جەلال دەڵێت: "پێشتر لەو بازگانە تەنیا پشکنین دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی جیاوازیی تەعریفەی گومرگییەوە، بارەکان دەوەستێنن و جیاوازیی نرخی گومرگ لە بازرگانان وەردەگرن، واتە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار دیناری دابێت و لە بەغدا چوار هەزار بێت، ئەوا دوو هەزارەکەی دیکەی لێ دەستێنن، ئەمەش زیانی بە ئابووریی هەموو عێراق گەیاندووە."
 
لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هێرشی تووندی کردە سەر هەرێمی کوردستان و بە خراپ ئیدارەدانی دەروازەکان تۆمەتباری کرد، سامی جەلال ئاشکرای دەکات کە بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە ژێر گوشاری سیاسیدا قسەیان دژی هەرێمی کوردستان کردووە، گوتی: بەرپرسێکیان لە پەرلەمان قسەی تووندی کردووە و "فیلمێکی هیندی دروستکردووە"، بەڵام دواتر لە نامەیەکدا بە تایبەت داوای لێبووردنی کردووە و گوتوویەتی کە لەژێر گوشارێکی زۆردا ناچار کراوە ئەو قسانە بکات.