تۆم باراک لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی: سەرەتایەکی نوێی پڕ هیوا
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەڕێوەچوو. تۆم باراک لە ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە دەنووسێت، "سەرەتایەکی نوێی مەزن و پڕ هیوا."
رۆژی سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، لە دەباشان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو.
تۆم باراک دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "دەزووە جوان، گەنج و زیندووەکانی نوێبوونەوە و هاوئاهەنگی پێکەوە تێک ئاڵێندران بۆ دروستکردنی دیمەنێکی دێرینی شارستانیەتی بوێر و ئازا. سەرەتایەکی نوێی مەزن و پڕ هیوا."
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا "جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی رۆژی 29ـی کانوونی دووەم لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و کارکردنی پێکەوەیی بۆ لابردنی هەر ئاستەنگێک کرایەوە کە رێگری لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکات."
رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا، دوای ئەوە هات کە رۆژی 8ی هەمان مانگ، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، کۆبوونەوەکە گرنگیی دیالۆگی بۆ چارەسەری ئاڵنگارییەکان نیشان دا.
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، "ئێمە جەختمان لە پێویستیی رێڕەوێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا کردەوە؛ رێڕەوێک کە نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات و مافە دەستوورییەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەقامگیر و یەکگرتوودا گەرەنتی بکات."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، پێشتر و لە هەمان رۆژدا، بافڵ تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدابوو.