ئەمڕۆ دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سەرجەم کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان تەواو بوون و ئەمڕۆ دوو سایدەکە بە فەرمی دەکرێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەردوو سایدی رێگاکە قیڕکراون، کە 16 كیلۆمەتر درێژە، پانیی هەر لایەكی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە".
 
دووسایدەکە لە چوار پرد و یەک ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆ پێكدێ و خێرایی لێخووڕین تێیدا، 100 كیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "دوو هەزار کرێکار" بەردەوام لە پڕۆژەکەدا كاریان کردووە.
  
بەگوێرەی پارێزگاری هەولێر، تەواوکردنی پڕۆژەکە "100%ی پشتی بە هێزی كاری نێوخۆیی بەستووە". پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی كاری تێدا کراوە و  رێگەی هەولێر تاوەکو سماقووڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەکاتە دووساید.
 
ئۆکتۆبەری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی رێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی دانا و ئەو بەشەی رێگەکە مانگی 10ی ساڵی رابردوو کرایەوە.