گواستنەوە و گەیاندن: بڕیاری زیادکردنی باج کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری زیادکردنی باجی 20٪ گەیشتووەتە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری پەیوەندی و دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتی، "بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان تەنیا کۆمپانیاکانی کۆڕەک، ئاسیاسێڵ و زەین دەگرێتەوە، چونکە مۆڵەتی کارکردنیان لە بەغدایە."
 
دیلان رەشاد دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستاندا 35 کۆمپانیای هێڵی ئینتەرنێتی وایفای و کێبڵ هەن، ئەوانە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانە و بڕیارەکە نایانگرێتەوە."
 
بە گوتەی دیلان رەشاد، بڕیارەکەی بەغدا قوربانییەکەی هاووڵاتییانن و دەڵێت: "ئەگەر لە داهاتوودا بڕیارێکی لەوشێوەیە لەسەر کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، رێگەنادەین بخرێتە ئەستۆی هاونیشتمانییان و کارت گران بکرێت، بەڵکو ئەوکات کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن کە لە داهاتەکانیان باجەکە بدەن."
 
دوێنێ وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە فەرمی کۆمپانیاکانی تایبەت بە هێڵی ئینتەرنێتی لە زیادکردنی باجی 20%ی سەر خزمەتگوزارییەکانیان، ئاگادار کردەوە.
 
نووسراوەکە لە 23ی شوباتی 2026 بە فەرمی لەلایەن کۆمپانیای گشتیی پەیوەندییەکان و زانیاریی سەر بە وەزارەتی گەیاندنی عێراق نێردراوە بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت.
 
ئاگادارکردنەوەکەی وەزارەتی گەیاندنی عێراق دوای بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هات کە لە 21ی کانوونی یەکەمی 2025 بڕیاری دا کار بە رێژەی 20%ی سەر خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی بکرێتەوە، کە لە ساڵی 2023ـەوە راگیرابوو.