شەش بەرپرس و ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سەقز دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامییەتی شاری سەقز رایگەیاند، شەش بەرپرس و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی شاری سەقز دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک بەرپرس و بەڕێوەبەری شارەوانی و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکەی راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، رۆژی دووشەممە، 23ـی شوبات لە ئۆپەراسیۆنێکدا چوار لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی شارەوانیی سەقز لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە، بە بڕیاری دادگە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
 
قایمقامییەتی شاری سەقز دەڵێت، "ئەو کەسانە بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرپێچی کارگیری و دارایی و هەروەها خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندی کەسی دەستگیرکراون."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەکەوە بەردەوامە و تەنیا لە کەسانی دەستبەسەرکراودا سنووردار نابێت. جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە، ئەگەری دەستگیرکردنی کەسانی دیکەش هەیە.
 
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لە کاتێکدایە بڕیارە لە 1-5-2026 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی شار و گوندەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت.