وەزیری نەوت: هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان 210 هەزار بەرمیلە

رووداو دیجیتاڵ

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە رۆژانە لە نێوان 200 بۆ 210 هەزار بەرمیلە.
 
ئەو گوتانەی وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیێنراوێکدا بوو کە سێشەممە 24ی شوباتی 2026 بڵاوکرایەوە، بەبۆنەی خۆپێشاندانی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی لەدژی کەمکردنەوەی پاداشتی هاندانیان.
 
حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند، توانای بەرهەمهێنان لە وەزارەتەکەی رۆژانە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت و وەزارەتەکەی پلانی هەیە بیگەیەنێتە سێ ملیۆن و 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
 
بەگوێرەی یاسای عێراق، پێویستە رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بۆ ئەوەی پارەی خەرجییەکان دابین بکرێت، کە تەنیا بۆ مووچە نزیکەی 9 تریلیۆن دیناری دەوێت.
 
حەیان عەبدولغەنی رەتیکردەوە هەوڵ هەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی.