وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەى خوێندنى ماستەر لە کۆریاى باشوور رادەگەیەنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زەمالەی خوێندن بۆ ژمارەیەک کورسیی خوێندنی ماستەر لە چەند بوارێک بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی رادەگەیێنێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-3-2024) لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ کورسییەکانی خوێندنی ماستەر لە کۆریای باشوور لە بوارەکانی (سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى و خاوەنداریەتی فکری و سیاسەتی گەشەپێدان)ـن.
وەزارەتەکە کۆمەڵێک مەرجی داناوە و دەڵێ هەر کەسێک مەرجەکانى تێدا بەرجەستە بێت و، ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی چەند تێبینییەک دەتوانێت داواکاری پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات،
مەرجەکان وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێکردوون:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەمەوە دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65٪) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاریی زیاتر، تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم تێبینییانەشی لەبارەی زەمالەکە بڵاوکردووەتەوە:
- هەرکەسێک مەرج و رێنماییەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاریی زیاتر، سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- دواکات بۆ پێشکەشکردن و مەرجی زمان لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی دیکە، یان لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەکى دیکە جیاوازە، تکایە بەر لە پێشکەش کردن بە وردی سەرنجی مەرج و رێنماییەکان بدەن.
- دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، تکایە بەمەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن.