وەزیری خوێندنی باڵا بۆ رووداو: بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خوێندن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کۆدەبینەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی هاوبەش لەبارەی پرۆسەی خوێندن بدەن و دەشڵێت: "سەلامەتیی قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەموو شتێک گرنگترە."
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە 27 یان 28ـی ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی پەروردە کۆببینەوە. ئامانجەکە ئەوەیە هەردوو وەزارەت پێکەوە بڕیارێک بدەین کە لە بەرژەوەندیی خوێندکاران و قوتابیان بێت."
 
وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەکرد، سەلامەتیی گیانی قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران لە بڕیارەکەیاندا بە جیدی وەردەگرن و گوتی: "دەمانەوێ بە کەمترین زیان ئەم دۆخە تێپەڕێنین. هەردوو وەزارەتیش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی باش دەدەین."
 
سەبارەت بەو بژاردانەی لەبەردەم هەردوو وەزارەتە، د. ئارام محەممەد ئاماژەی بەوە کرد کە چەند بژاردە و ئەگەرێک هەیە تاوتوێی هەموویان دەکەن، "بەڵام من وەکو خۆم دژی خوێندنی ئۆنڵاینم".
 
وەزیری خوێندنی باڵا باسی لە میکانیزمی بڕیاردانەکە کرد و بە رووداوی گوت: "هەریەکە لە ئێمە و وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی جیاوازی خۆمان دەکەین و دواتر لەگەڵ یەکدی کۆدەبینەوە."
 
لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان وەستاوە. یەکشەممەی داهاتوو ئەو پشووە تەواو دەبێ کە راگەیێندراوە.