لە هێرشێکی سەر حەشدی شەعبی لە ئەنبار فەرماندەی هێزەکە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە گەورەترین زەبرەکاندا بۆ سەر حەشدی شەعبی، بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو هێزە لە حەبانییەی ئەنبار کرایە ئامانج و تاوەکو ئێستا 15 کوژراو و 20 برینداری لێکەوتووەتەوە؛ دیارترین کوژراویش سەعد بەعێجی، فەرماندەی هێزەکەیە.
سەید عیسا ئەبو غیف، ئەندامی تیمی ئیرشادی عەقیدەیی حەشدی شەعبی لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "پێمان وایە ئەم خوێنە زیندوویەتییە بۆ هەموو ئازادیخوازانی دونیا. پێویستە حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی پتەو و راستیانە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بگرێتەبەر و دووبارە نەبێتەوە لە دژی ئەم گەلە و حکومەتی عێراق. لەڕاستیدا دەبوو سەروەری هەبا ئەگەرنا بۆچی ئەم هێرشە دووبارەبووانە دەکرێتە سەر حەشدی پیرۆز؟"
لەگەڵ بەرفراوانبوونی هێرشەکانی سەر حەشد و بەئامانجگرتنی فەرماندەکانیان، گوشارەکانی باڵی سیاسیی حەشدیش بۆ سەر حکومەتی عێراق زیاتر بووە.
کەریم علێوی، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان،دەڵێت: "ئەم بەئامانجگرتنە بە واتای جەنگ دژی عێراق و گەلەکەی دێت . دەزگاکە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە. فەرمان لەو وەردەگرێت . ئەی ئەمە چیە؟ ئەمە بەڵگەی ئەوەیە دوژمنایەتی هەیە لەلایەن ئەمریکا بۆ سەر گەلی عێراق هەر وەک چۆن ئەمریکا دژی گەلی ئێران دەجەنگێ بۆ ئێرەش هەمان شتە."
بەرەبەیانی سێشەممە، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر ئەنبار، بارەگاکانی حەشد لە نەینەوا و بابلیش کرانە ئامانج.
بەئامانجگرتنی بنکە، بارەگا و کۆگەکانی چەک و تەقەمەنی و سەرکردەکانی مقاوەمەی ئیسلامی، و ئێستاش بەئامانجگرتنی بەکۆمەڵیان، وەکو پێشهات و قۆناخێکی نوێی ئەم دۆخەی ئێستا دەبینرێت.