سوپای ئێران: بە مووشەکی بالیستی هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران (ئەرتەش) دەڵێت، بە چەند مووشەکێکی زەوی بۆ زەوی، بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کردووەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران بڵاویکردەوە: "لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانمان، شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا و ئەو گرووپە جوداخوازانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێن، لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە مووشەکی زەوی بۆ زەوی بۆردوومانکرد."
سوپای ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو ناوچەیەی لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کراوەتە ئامانج "یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی پشتیوانی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەمریکا و چەندین جۆر ئامێر و سیستمی سەربازی تێدایە."