لە 24 کاژێردا هەرێمی کوردستان بە 25 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ شەهید و بریندار هەن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا، هەرێمی کوردستان بە 25 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، هێرشەکان شەهید و برینداریان لێکەوتەوە و دوو کەمپی پەنابەرانیش بەر هێرشەکان کەوتوون.
لەو مووشەک و درۆنانەی لە 24 کاژێری رابردوودا ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، 20یان ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر و پێنجەکەی دیکەش ئاراستەی سنووری پارێزگای سلێمانی کراون.
یەکێک لە هێرشەکان بە شەش مووشەک دژی هێزێکی فەرماندەیی دەڤەری یەکی هێزەکانی پێشمەرگە کرا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵا بۆ رووداو، لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر پێشمەرگەدا، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 20ی دیکەش بریندار بوون.
وردەکاریی هێرشەکان لە 24 کاژێری رابردوودا بەمشێوەیە بووە:
- نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، بە شەش مووشەک هێزێکی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆردوومان کرا.
- نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا و کەوتە خوارەوە.
- نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، پێنج درۆن لە ئاسمانی هەولێر دوای تێكشکاندنیان کەوتنە خوارەوە زۆرینەیان پاشماوەکانیان کەوتنە گەڕەکەکانی سێبیران، گردجووتیار و گوندی گەزنە.
- نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی دووشەممە، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا.
- نزیک کاژێر 08:00ـی شەوی دووشەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران و پاشماوەکانیان کەوتنە گەڕەکەکانی شارەکەوە.
- شەوی دووشەممە، درۆنێک لە بەرزاییەکانی کەسنەزان لە هەولێر کەوتە خوارەوە. بەرپرسێکی ئەمنی بە رووداوی گوت: "درۆنەکە لە جێگەیەک کەوتووە کەسی لێ نەبووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
- شەوی دووشەممە، بە درۆنێک کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی لە گردەچاڵ لە نزیک شاری هەولێر بۆردوومان کرا.
- شەوی دووشەممە درۆنێک لە ئاسمانی سۆران خرایە خوارەوە.
- رۆژی دووشەممە نزیک کاژێر 05:30ـی بەیانی، درۆنێک دوای پێکرانی لەلایەنی هێزی بەرگرییەوە، کەوتە سەر ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر و بەهۆیەوە ئاگر کەوتەوە.
- ئێوارەی دووشەممە، درۆنێک لە دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
- شەوی دووشەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی ماڵباتی پێشمەرگەکانی یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.
- ئێوارەی دووشەممە لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی چوار درۆن کەوتنە خوارەوە. دیارنییە خۆیان کەوتوون یان خراونەتە خوارەوە.
هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیانپێکردووە.