کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی گەیشتنی شەپۆلێکی دیکە، بارانبارین لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات: "بارانبارین ناوبەناو بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکەش بەردەوام بێت".
 
رۆژی سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسی هەرێمی کوردستان: "پێش نیوەڕۆ لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان بارانبارین دەستپێدەکات، دوای نیوەڕۆ سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە؛ هەندێکجار هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە، کەشناسیی دەڵێت، بارانبارین بەردەوام دەبێت و ماوەیەکی "کورت" بارانی بەلێزمە دەبارێت. راشیگەیاندووە: "درەنگی شەو بۆ بەرەبەیانی پێنجشەممە، بارانبارین لاواز دەبێ، لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان".
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شەپۆلی ئەم جارەدا رەشەبای بەهێز و تۆزوخۆڵ بەشێکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەتایبەت "لە کەرکووک و گەرمیان".
 
موفتی گوتی: "پێشبینی دەکرێ بارانبارین تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی چوار ناوبەناو بەردەوام بێت".
 
بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراود بە ئەمڕۆ پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 16 پلەی سیلیزی 
پیرمام: 13 پلەی سیلیزی
سۆران: 12 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی 
سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ: 16 پلەی سیلیزی
دهۆک: 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 17 پلەی سیلیزی