سەرۆک بارزانی: بۆردوومانی قەڵادزێ لاپەڕەیەکی رەشی دڕندەیی و بێ باکیی رژێمی پێشووی عێراقە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 50 ساڵەی بۆردوومانی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لاپەڕەیەکی رەشی دڕندەیی و بێ باکیی رژێمی پێشووی عێراقە".
سەرۆک بارزانی پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت: "بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لاپەڕەیەکی رەشی دڕندەیی و بێ باکیی رژێمی پێشووی عێراقە لە بەرانبەر گەلی کوردستان".
50 ساڵ لەمەوبەر لە 24-04-1974دا، چەند فڕۆکەیەکی حکومەتی بەعس قەڵادزێیان بۆردوومان کرد. 134 هاونیشتمانی شەهید و 150ی دیکەش بریندار بوون، هەروەها نزیکەی 200 خانووش بەهۆی بۆردوومانەکانەوە رووخان. بەشێک لەوان خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بوون، چونکە ئەوکات لە ترسی حکومەتی بەعس زانکۆکەیان گواستبووەوە قەڵادزێ.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە پەنجایەمین ساڵیادی بۆردوومانی زاڵمانەی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی کوردستان".
دەقی پەیامەکە:
بۆردوومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی لاپەڕەیەکی رەشی دڕندەیی و بێ باکیی رژێمی پێشووی عێراقە لە بەرانبەر گەلی کوردستان.
لە پەنجایەمین ساڵیادی بۆردوومانی زاڵمانەی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی کوردستان.