پاش 12 ساڵ پردەکەی قەڵادزێ تەواو نەکراوە و پارەی مەرزی کێلێش بۆ شارەکە خەرج ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پردی دەروازەی قەڵادزێ و شەقامی دووسایدی دەروازەکە بۆ نێوبازاڕ، دووانن لەو پرۆژانەی قەزای پشدەر کە زیاتر لە 10 بۆ 12 ساڵە کاریان تێدا دەکرێت و تاوەکو ئێستا تەواو نەکراون. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە 20%ـی داهاتی دەروازەی کێلێ بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان بکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن هێشتا یەک دیناریشیان بۆ خەرج نەکراوە.
پرۆژەی شەقامی دووسایدی دەروازەی قەڵادزێ، دوای تەواوکردنی تەنیا 10%ـی کارەکانی، چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
سامان محەممەد، دانیشتوویەکی قەڵادزێیە، باس لە دیمەنی شارەکەی دەکات و دەڵێت: "کە سەرەتا دەچیتە نێو قەڵادزێ، وەک ساڵی نەوەتەکان وایە وەک چۆن خەڵک لە بازیان و ئۆردوگاکان هاتنەوە. ئێستاش ئەو دووکانانە وەک ئەوکاتن، دەستکارییان نەکراوە و زۆربەشیان چۆڵن و هەڵوەشاون."
قەزای پشدەر کە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی دەروازەی کێلێیە کە 25 کیلۆمەتر لە قەڵادزێوە دوورە. پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رۆژانە زیاتر لە 150 بارهەڵگر لەو دەروازەیەوە کاڵا و شتومەکیان هاوردەی باشووری کوردستان دەکرد.
ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر، لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری خەرجکردنی داهاتی مەرزەکە بۆ پرۆژەکان، دەڵێت: "سەبارەت بە بڕیاری تەرخانکردنی 20%ـی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ تەواوکردنی پرۆژە وەستاو و بەردەوامەکانی قەزای پشدەر، ئێمە ئەوەی کە پێویست بووە وەک لە قایمقامییەت و هەروەها لە ئیدارەی راپەڕین، سەرجەم رێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانمان گرتووەتە بەر و بردوومانە بۆ وەزارەتی دارایی."
قایمقامی قەزای پشدەر زیاتر روونی دەکاتەوە: "لەوێش رێکاری پێویست گیراوەتەبەر، تەنانەت گەیشتووەتە سەر ئەوەی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی بڕی پارەی کاش لەبەردەست دا بێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
دوای تێپەڕبوونی 52 ساڵ بەسەر بۆردوومان و کاولکردنی قەڵادزێ دا، ئێستا هەریەکە لە پرۆژەکانی شەقامی 60 مەتریی قەڵادزێ، پارکی سەرنێڵ، قۆناخی دووەمی دووسایدی نێوان رانیە و قەڵادزێ و زیاتر لە 20 پرۆژەی دیکە، چەندین ساڵە بە تەواونەکراوی بەجێ هێڵدراون.