کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ رووداو: بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی ئەبو ئالا وەلائی چاوەڕوانکراو بوو

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دژی ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتییان، چاوەڕوانکراو بووە و "بەشێکە لە پاکتاوی گرووپی موقاوەمە لە ناوچەکە" و ئەو بڕیارە کاریگەری نابێت لەسەر بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
 
رۆژی هەینی 24ی نیسانی 2026، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا لە دژى ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا چاوەڕواننەکراو نەبووە لەلایەن ئەمریکاوە کە بەگوتەی ئەو "دەستدرێژکارى سەر سەروەری و کۆمەڵگەی عێراقی و موقاوەمەیە".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک تەرخان کرد، کە زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی ئەبو ئالا وەلائی بدات.
 
کازم فەرتووسی گوتی: "ئەو بڕیارە بەشێکە لە هەڵمەتی پاکتاوی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە لەدژی ئەوانەی لە بەرەی موقاوەمەن یان لە دەرەوەی ئەو بەرەیەشن".
 
ئەبو ئالا وەلائی یەکێکە لەو 12 سەرکردەی شیعە کە بەشدار دەبێت لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقە.
 
گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا گوتی: "ئەو بڕیارە کاریگەری نابێت لەسەر بەشداریی بەڕێز ئەبو ئالا وەلائی لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی".
 
بڕیارە ئەمشەو 24ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە بەشداریی سەرکردەکانی لە بەغدا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران.
 
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە ساڵی 2013 دامەزراوە و لەم خولەی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا چوار کورسیی لە پەرلەمان هەیە.