چەند بەڵگەنامەیەکی نوێ لەبارەی ژیانی نالی شاعیر بڵاوکرانەوە
رووداو - سۆران
زانكۆی سۆران به هه‌ماهه‌نگی زانكۆی بینگۆل لە تورکیا، به پشتبەستن به چه‌ند بهڵگهنامهیەكی سه‌رده‌می عوسمانییەکان زانیاری نوێ لەبارەی ژیانی نالی شاعیر ئاشکرا دەکات.
یه‌كێك له شاعیرانی كلاسیكی كوردی، کە خاوەنی نێوبانگێکی زۆرە "نالی" شاعیرە، کە به‌شێك له مێژووی ژیانی تاوەکو ئێستا نادیار بوو، بەتایبەت ساڵی لەدایکبوون، کۆچی دوایی و هاوسەرگیری.
زانكۆی سۆران به هه‌ماهه‌نگی زانكۆی بینگۆل ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له ئیستەنبۆل دۆزیونه‌ته‌وه. زۆر ورده‌كاری ده‌رباره‌ی نالی شاعیر روونبوونه‌ته‌وه، وەک ئەوەی نالی ته‌مه‌نی 56 ساڵ نه‌بووه، به‌ڵكو 77 ساڵ ژیاوه. جگه له دیوانه‌كه‌ی و په‌رتووكی مەنازیر ئینشا (مناضر الانشاء) نالی خاوه‌ن به‌رهه‌مێكی دیكه‌ش بووه به ناوی "فه‌وائیدی عه‌قلیه و نهقلیهوه".
زانکۆی سۆران له دووتوێی کتێبێک‌دا بهڵگهنامەكانی بڵاوکردووەتەوە، کە ده‌بنه لاپەڕه‌ی تازه سه‌باره‌ت به مێژووی ئه‌و شاعیره گەورەی کورد.
هێمن عومه‌ر، مامۆستای زانكۆی سۆران، کە کاری لەسەر بەڵگەنامەکان کردووە، دەڵێت "نالی وه‌ك شاعیرێكی كلاسیكی كوردی بیروبۆچوونی جیاجیا له‌سه‌ر ژیانی هه‌بوون. ئێمه توانیمان به هاوكاری زانكۆی بینگول به به‌ڵگه بیسه‌لمێنین كه نالی ته‌مەنی 77 ساڵ بووه نه‌ك 56 ساڵ، خێزانی هه‌بووه، تهمەنێكی زۆر له مه‌ككه ژیاوه، چه‌ندین به‌ڵگه‌ی دیكه‌ی ژیانمان راستكردوونه‌ته‌وه".
د. مسلح مسته‌فا، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران دەڵێ "به درێژایی 100 ساڵی رابردوو بیروبۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر نالی شاعیر هه‌بوونه، بەڵام ئه‌مڕۆ زانكۆی سۆران به به‌ڵگه‌وه راست و دروستی ئاشکرا کردن".
حەبیبە ناوی مەعشوقەکەی نالی شاعیرە، کە دەگوترێت پێی نەگەیشتووە، بەڵام بەپێی بەڵگەنامە نوێیەکان نالی لە سعودیە هاوسەرگیری کردووە.
نالی ناوی خدری كوڕی ئه‌حمه‌د شاوه‌یسی ئالیبهگه، لە ساڵی 1800 له گوندی خاکوخۆڵی شاره‌زوور هاتووەته دونیاوه. وێڕای بیروبۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ژیانی، هاوكات زۆرترین بیروبۆچوونیش له سه‌ر شیعر و غه‌زه‌له‌كانی دروستبووه، به تایبه‌ت له‌ڕووی ساخكردنه‌وه‌ی زمان و شێوازی ئاخاوتن و ئاستی زمان شیعری.
داڕشتنەوە: حەکیم داود