لە سنووری باسرمە 1000 داربەڕوو دەبڕدرێنەوە؛ تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 200 ساڵە


رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی چوار مانگدا نزیکەی هەزار دار لە سنووری سێ گوندی ناحیەی باسرمە بڕدراون، دانیشتووانی گوندی بەردە گەورە دەڵێن، چەند کەسێکی گوندەکانی دەورووبەریان بەشەو دارەکانیان بڕیوەتەوە.
 
لەتیف عەلی، دانیشتووی گوندی بەردە گەورەیە لە سنووری باسرمە و دەڵێت، "وەکو دەیبینن زۆربەی دارەکانی ئێرە بڕدراون، پێشتر ئێرە هەمووی دار بوو، ژینگەی ئەم ناوچەیە هەمووی تێکدراوە"
 
ئەو دارانەی بڕدراون لە جۆری داربەڕووی تەڕن و تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 200 ساڵ دەبێت، داربڕەکان دەستیان لە دارەکانی نێو گۆڕستانی گوندیش نە پاراستووە، بەگوتەی خەڵکی گوندەکە، دارەکان بەمەبەستی فرۆشتن و بەرهەمهێنانی خەڵووز بڕدراون.
 
خەلیل حەمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی بەردە گەورەیە و باسی لەوە کرد، "ئەو دارانە بەمەبەستی بازرگانیکردن دەبڕدرێن، دوای بڕینیان دەیانکەن بە خەڵووز."
 
لە سنووری ناحیەی باسرمە هەموو جۆرە دارێک بۆ بەرهەمهێنانی خەڵووز و بەدەستهێنانی سوودی ماددی دەسوتێندرێن، پەیامنێری رووداو چووەتە لای کورەیەک لە باسرمە کە پڕکراوە لە داربەڕووی قاچاخ و ئامادەیە بۆ سووتان، خاوەن کورەکان بەڕوونی باسی بڕینی داربەڕوو دەکەن و دەڵێن، کڕین و گواستنەوەیان بۆ کورەکانیان بە قاچاخە.
 
خاوەن کورەیەک بە رووداوی گوت، "لە گوندەکانی ئێمە کڕیاری خۆمان هەیە، پەیوەندیمان پێوەدەکەن و ئێمەش دەچین دارەکانیان لێ دەکڕین، خەڵووزی داری بەڕوو خواستی زیاتری لەسەرە تاوەکو داری سپیندار."
 
کورەکان لە سنووری گوندەکانی گڕاو، رەزگە و سەرکەندن، بەگوتەی خاوەن کورەکان، رۆژانە نزیکەی پێنج تۆن دار بۆ بەرهەمهێنانی خەڵووز دەسوتێندرێت.
 
بۆ کۆنترۆڵکردن و ریگریکردن لە بڕینی داری تەڕ، پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە داوای داخستن و رێکخستنەوەی کاری کورەکانی خەڵووزی کردووە.
 
عەقید وەلی حەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە نووسراوی فەرمی داوامانکردووە یان کاری ئەو کورانەی خەڵووز رێکبخرێن یان دابخرێن، پێمان باشە دابخرێن، چونکە بە داخستنیان ژینگە لە لەنێوچوون دەپارێزرێت."
 
لە ماوەی چوار مانگدا لە سنووری قەزای شەقڵاوە، 35 کەس بە تۆمەتی بڕینی دار دەستگیرکراون، نزیکەی 20 ئامێری دار بڕینیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
 
بەرنامەی بەرپرسیاری رۆژی سێشەممە 24-05-2022ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، تایبەت بوو بەو بابەتە. هەریەکە لە موختاری گوندی بەردە گەورە و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و پاوانی هەرێمی کوردستان میوان بوون.
 
ئەحمەد سەباح، موختاری گوندی بەردە گەورە باسی لەوە کرد، دار بڕینەکە تازە نییە و بەردەوامە، بۆ خەڵووز بەکاردەهێندرێت، داربڕەکان رۆژانی پشوو بە دەرفەت دەزانن و دەست بە داربڕین دەکەن، بەڵام هەندێک دار بۆ پشوودانی خۆیان نابڕنەوە، بە زۆری داربەڕووەکان بڕاون، هەندێک لە دارە بڕاوەکان تەمەنیان 50 ساڵە. دەشڵێت، "دوای ئەوەی سکاڵامان لە دژی ئەو کەسانە تۆمارکرد کە ژینگەی ناوچەکەیان تێکدابووین، ئێستا دار بڕینەکە وەستاوە، بەڵام کارکردن لە کورەکانی خەڵووز هەر بەردەوامن."
 
رائید فوئاد ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و پاوانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرنامەکەدا گوتی، "رۆژانە داری دارستانەکان دەبڕدرێنەوە، بەڵام ساڵ دوای ساڵ رێژەی بڕینەوەی دار کەمیکردووە، بە جۆرێک لە ساڵی رابردوو لە چوار مانگی سەرەتادا 720 پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان هەبووە، ئەمساڵیش لە چوار مانگدا 557 پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان هەیە، ئێمە ناتوانین مۆڵەت بە کانەکانی خەڵووز بدەین، بەڵکو وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی ژینگە مۆڵەت دەدەنە کانەکانی خەڵووز، ئێستا بازرگانیکردن بە داری تەڕ و وشک قەدەخەیە."
 
رائید فوئاد ئەحمەد گوتیشی، چوار تۆمەتبار لەسەر بڕینەوەی دارەکانی گوندی بەردە گەورە دەستگیرکراون، هەر تۆمەتبارێکیش دوو ملیۆن دیناری لێوەرگیراوە تاوەکو رۆژی دادگاییکردنیان، تەمەنی دارە بڕاوەکان لەنێوان 50 بۆ 200 ساڵن.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و پاوانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوو کارگەی دروستکردنی خەڵووز لە هەرێمی کوردستان هەیە، رێژەی وەرگرتنی گومرگی خەڵووزیش لە 20٪ـەوە کەمکراوەتەوە بۆ 5٪.