سەرۆک شارەوانیی ناشڤیڵ بۆ رووداو: مانگی حوزەیران هەولێر دەبێتە دەستەخوشکی کوردستانی بچووک
رووداو دیجیتاڵ
دوای سەردانی شاندەکەیان بۆ هەولێر، سەرۆک شارەوانیی ناشڤیل بە رووداوی راگەیاند، چاویان لەوەیە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ناشڤیڵ و هەولێر بە فەرمی ببنە دەستەخوشک.
جۆن کووپەر، سەرۆک شارەوانیی شاری ناشڤیڵی ویلایەتی تێنسیی ئەمریکا، کە بە کوردستانی بچووک دەناسرێت، رۆژی سێشەممە 23ی ئایار لە بوولتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشداربوو و گوتی، دوای گەڕانەوەی شادەکەیان بۆ ئەمریکا، هیواخوازن مانگی حوزەیران، پڕۆژەبڕیاری شارەوانیی شاری ناشڤیڵ لە حکومەتی خۆجێیی شارەکەدا تێبپەڕێنن بۆ ئەوەی دواتر واژۆی لەسەر بکات و هەولێر و ناشڤیڵ بە فەرمی ببنە دەستەخوشک.
جۆن کووپەر و شاندەکەی رۆژی سێشەممە لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ کرا. لەو بارەیەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەتایبەتی هەولێر و ناشڤیڵ کرا، بەتایبەتی لە بواری کولتووری و خوێندن کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبن بە دوو شاری دەستەخوشک."
جۆن کووپەر لەبارەی سەردانەکەی بە رووداوی گوت، "زۆر شانازی دەکەم بەوەی لێرەم. ئێمە لە ناشڤیڵ سەربەرزین بە هەبوونی گەورەترین کۆمەڵگەی کوردی لە رۆژئاوای جیهان کە پێکدێت لە 25 هەزار کورد و 3 هەزار منداڵی کورد لە قوتابخانەکانماندان. زۆر شانازییان پێوە دەکەین و ئەوان بۆ شارەکەمان واتایەکی گەورەیان هەیە. ئێمە بۆ بەرزنرخاندنی ئەوە لێرەین."
شاندی ناشڤیڵ سەردانی نەخۆشخانە، زانکۆ و قوتابخانەکان و بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی هەولێر دەکەن، ئەمە وەک جۆن کووپەر باسی کرد و گوتیشی، "هیوامان وایە ئاڵۆگۆڕی کولتووری، خوێندن، گەشتیاری و بازرگانی دروستبکەین بۆ ناشڤیڵ. شەرەفێکی گەورەیە بۆ ناشڤیڵ کە ئەم کۆمەڵگە کوردییە ناوازەیەی هەیە. ئێمە لێرە هەندێ کوردی شاری ناشڤیڵمان لەگەڵە کە ژیانیان لە ناشڤیڵ بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بنیادناوە. هەروەها لێرە شار و ناوچەکەمان پیشاندەدەن. کاتێکی زۆر خۆش دەبەینە سەر."
سەرۆک شارەوانیی ناشڤیل هاوکات ئاماژەی بەو ەکرد کە "ئەوەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕێین، ئاڵۆگۆڕکردنە؛ پەیوەندیی خەڵک بە خەڵکەوە بۆ ئەوەی بتوانین سوود بە یەک بگەیێنین و پێکەوە کار بکەین. ناشڤیڵ زۆر زانکۆ و کۆلێژی پزیشکی هەیە. لێرە لە کوردستان توانیمان سەردانی زانکۆیەکی پزیشکی ددان بکەین بۆ ئاوەی ئالۆگۆڕی ئەزموونمان هەبێت و بۆ ئەوەی مامۆستاکانمان بێن ماوەیەک لێرە بمێننەوە و لە بەرامبەر ئەوەشدا هەندێ مامۆستای ئێوە بێنە ناشڤیڵ و سەرنجمان لەسەر نەوەی داهاتوو چڕبکەینەوە و باشترینەکانی هەردوو وڵات لەگەڵ یەک کۆبکەینەوە."
سەرۆک شارەوانیی ناشڤیڵ گوتیشی، "قوتابخانە گشتییەکانی ناشڤیڵ سێ هەزار منداڵی کوردیان تێدایە کە دەخوێنن. کوردی زمانی فەرمیی ناشڤیڵە. هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانمان وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکە ببەینە قۆناخێکی دیکە. هیوادارین خەڵکی هەرێمی کوردستان بزانن کە ئەگەر بێنە ناشڤێڵ دەبنە بەشێک لە کۆمەڵگەکەمان و ژینگەیەکی میواندۆست دەبینن."
جۆن کووپەر گوتی، "زۆر لایەنی لێکچوون" لە نێوان پایتەختی هەرێمی کوردستان و "کوردستانی بچووک" هەیە؛ "ئێمە هەردووکمان بڕوامان بە میواندۆستییە؛ ئێمە هەردووکمان ناوچەی سەربەرزین. ماوەی 50 ساڵە خەڵکی کورد لە ناشڤیڵە و ئێمە سوپاسگوزارین،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ناشڤیڵ تەنیا بە کوردستانی بچووک بەناوبانگ نییە، بەڵکو بە شاری میوزیکیش بەناوبانگە. میوزیکی هەولێر زۆر ناوازەیە. دەمانەوێت هەندێ گرووپی میوزیکی هەولێر ببەینە ناشڤیڵ، چونکە ئێمە سەکۆیەکی جیهانیی گەورەی میوزیکمان هەیە."
هەولێر دەبێتە دەیەمین شاری دەستەخوشکی ناشڤیڵ، بەڵام تاکە شارە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەو پەیوەندییە بە ناشڤێڵەوە گرێی بدات.
جۆن کووپەر لەو بارەیەوە گوتی، "جێگەی دڵخۆشییە کە ناشڤیڵ لەگەڵ شارەکانی دیکەش دەبێتە دەستەخوشک، یەکێکیان چانگدووی چینە و یەکێکی دیکەشیان شاری کۆ-یە لە فەرەنسا. واتە هەولێر لەگەڵ دەستەبژێرێک لە شارەکان [دەبنە دەستەخوشکی ناشڤیڵ]،" بەڵام پەیوەندیی نێوان هەولێر و ناشڤیڵ "قووڵترە. ئێمە کۆچبەری زیاتر، پەیوەندیی زیاتر، کولتووری زیاتر و بازرگانیی زیاترمان لەگەڵ هەولێر هەیە بەراورد بە هەر شارێکی دیکە."
ساڵی رابردوو، شاندێکی هەولێر بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی شاری ناشڤیڵیان کرد بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی بە دەستەخوشککردنی هەردوو شار.