قوباد تاڵەبانی لە 'بێستوون تۆک': بە میکانیزمێکی نوێ مووچەی مووچەخۆران لە یەککاتدا دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بەو رێککەتننەی نێوان بەغدا و هەولێر، رەنگە کێشەی نەوت بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنرێت. دەشڵێت: ''دابەشکردنی بودجە بە شێوەی 43٪ بە 57٪ نامێنێت.''
یەکەمین میوانی بەرنامەی ''بێستوون تۆک'' کە بەرنامەیەکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداوە و بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، کە شەوی چوارشەممە، 24-05-2023، پەخشکرا.
لەکاتێکدا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمی یان نەبوونی گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن هەیە، بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو پرسیارە نەکراوەکان ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ وردەکارییەکانی دۆخی کوردستان بزانێت، یەکەم ئەڵقەی بەرنامەکە، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی پێشکێشکرا، کە قوتابیانی زانکۆی کوردستان تێیدا ئامادەبوون و راشکاوانە پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
ئاکامی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران
رابەر، دانیشتووی سلێمانی، یەکێک لەو قوتابییانە بوو کە سێ پرسیاری ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد. یەکێک لە پرسیارەکان سەبارەت بە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، لە لایەن جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمی وەزاریی یەکێتی.
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا هیچ یەک لە ئامانجەکانی خۆی بەو بایکۆتە پێکا؟ گوتی، دوای گەڕانەوەی بۆ کۆبوونەوەکان توانیویانە باسی زۆر لە گرفتەکان بکەن و چارەسەر بکرێن.
رۆژی، 08-05-2023، دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
قوباد تاڵەبانی گوتی، لە دانیشتنەکەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران کە ''بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و رەنگە لە داهاتووشدا روو لە هەرێمی کوردستان بکەن بوو، گەیشتینە لێکتێگەیشتن''. دەشڵێت، هیچ کام لە گرفتەکان، گرفتی کەسی نەبوون.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئەو گرفتانەی لە ئارادا بوون، پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە هەبوو و ''خۆشبەختانە دەتوانم بڵێم لەم دانیشتنەدا کە پڕ بوو لە دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی هەردوولا، توانیمان بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر بکەین، چەند بڕیارێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرا کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندابوو."
لەبارەی ئەو بڕیارانەی کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دراوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، بڕیاری یەکەم پەیوەندی بە داهات و خەرجییەوە هەبوو، کە بە چ شێوەیەک داهات شەفافتر بکرێت، خەڵک متمانەی هەبێت و چاودێری لەسەر ئەو شوێنانەی کە داهاتی لێ کۆدەکرێتەوە هەبێت.
میکانیزمی نوێی کۆکردنەوەی داهات و دابەشکردنی مووچە
پرسیاری دووەمی رابەر لەبارەی چۆنییەتیی بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی قاچاخ لە دەروازە سنوورییەکان بوو، کە جێگری سەرۆکوەزیران گوتی: ''بۆ نەهێشتنی گومان و ئەو قسە و قسەڵۆکانە، دەبێ وەکو یەک تیم کار بکەین و بەرەوڕووی گرفتەکان ببینەوە، بڕیاردراوە میکانیزمێکی نوێ دابڕێژین بۆ کۆکردنەوەی داهات و چۆنییەتی خەرجکردنی.''
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، دابەشکردنی بودجە بەشێوەی 43٪ بە 57٪ نامێنێت و هەموو داهاتەکە لای وەزارەتی دارایی کۆدەکرێتەوە و بەو میکانیزمێکی نوێ لەنێوان مووچەخۆران و خەرجییەکانی دیکە دابەش دەکرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، لەمەودوا داهات لە سەرجەم بازگەکان، فڕۆکەخانەکان، خاڵە سنوورییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆدەکرێتەوە و هەمووی دێتەوە نێو گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رووی خەرجیشەوە، مووچەی مووچەخۆران لە پێشینەی سەرجەم خەرجییەکان دەبێت.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی حکومەت، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پارێزگاکان دەردەکرێت و دەبێتە خەرجییەکی سیادی، ''بۆ ئەوەی هەموو مووچەخۆران بتوانن لە یەک کاتدا مووچەی خۆیان وەربگرن.''
وەک قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەرپەرشتیی پڕۆسەیەک دەکەن، بۆ داڕشتنی میکانیزمێک تاوەکو خەرجییەکانی پەرەپێدانی پارێزگا، بەکاربردن (تەشغیلی)، خۆڵ و خاشاک، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی دامودەزگاکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتووان خەرج بکرێت.
جێگری سەرۆکی حکومەت پێیوایە بەو رێککەوتنە نوێیە لە نێوان تیمەکانی وەزاریی یەکێتی و پارتی، هەروەها رێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە لەگەڵ عێراق، کێشەی دارایی لە هەرێمی کوردستان نامێنێت و مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەشدەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتییە و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی کە پێیوایە هەوڵەکانی ئەو وەزارەتە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نییە، دەشڵێت، هەنگاوی باشیش نراوە، نەک هەر لەم کابینەیەدا، بەڵکو لە کابینەکانی پێشووتریش چاکسازیییەکی ''زۆر'' کراوە.
جێگری سەرۆکی حکومەت گوتی، ''هەشت ساڵە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووە، کەرتی خوێندنی باڵاش پێویستی بە تەمویل، وەبەرهێنان، تاقیگە، هێنانی مامۆستا و داهێنانی نوێیە کە هەندێک لەوانەش تێچوویەکی زۆری دەبێت.''
ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە
دیار، یەکێکی دیکە لەو قوتابییانەیە کە سەبارەت بە نەبوونی ئارامی و هەلی کار بۆ گەنجان بە تایبەتی لە سلێمانی، خراپبوونی دۆخی رێگەوبان و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی جێگرەوەیەک بۆ داهاتی هەرێمی کوردستان لەبری فرۆشتنی نەوت و نائارامی لە شاری سلێمانی، راشکاوانە پرسیارەکانی خۆی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی دیاردا گوتی: ''من پێوانییە نائارامی زیادی کردبێت و ئێستا ئارامییەکی زیاتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بە هاوکاریی پۆلیس، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاووڵاتی و کەسایەتییەکان، رێژەی پێبژاردن بەراورد بە ساڵی پار، بە رێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە.''
ئازادیی رادەربڕین
لەبارەی ئازادیی رادەربڕین قوباد تاڵەبانی دەڵێت، هەمووکات دژی تووندوتیژی بووە و لە سەرجەم خۆپێشاندانەکاندا لە 2015ـەوە تاوەکو ئێستا، هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت گرژی دروست ببێت، ''بەڵام هەندێکجار شتەکان لە دەست دەردەچن و هێزەکان رەنگە سنوور ببڕن، لە خۆپێشاندانەکانی رابردووشدا کە هەندێک حاڵەتی وا هەبووە و رەنگە دەستدرێژی کرابێتە سەر خۆپێشاندەران، بەرامبەر بەو پۆلیسانە رێکاری تووندیش گیراوەتەبەر.''
''کەسایەتی وەکو کاک مەسعود و مام جەلال نابنەوە''
بێستوون عوسمان پرسیارێکی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد کە هەست ناکەن لە دوای مام جەلال، یەکێتی جیهانبینییەکەی لە سلێمانیدا قەتیس ماوەتەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی، ''حیزبێکی وەکو یەکێتی کە مام جەلالی لێ رۆیشت، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەمە بوومەلەرزەیەک بوو لەم حیزبەدا، کە بێگومان کاریگەری لەسەر یەکێتی، عێراق و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دەبێت.''
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، ئەگەر لەسەر رێبازەکەی مام جەلال بمێننەوە، دەتوانن بەشێک لە خەونەکانی بێننە دی، ''بەڵام غەدرێکی گەورەیە ئەگەر چاوەڕوان بکرێت چ کاک بافڵ، چ من، چ کەسێکی دیکە بتوانێت ببێت بە مام جەلالێکی دیکە''. گوتیشی ''بۆ کاک مەسعودیش هەروا، یەک کاک مەسعود هەیە و نابێت بە دوو.''
"سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی لە دروستکردنی ئاشتەواییدا هەیە"
بەگوتەی قوباد تاڵەبانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمووکات بۆ دروستکردنی ئاشتەوایی رۆڵێکی باشی بینیوە و ''نایەتە بیرم بەشێک بووبێت لە گرژییەکان، بۆیە هەست دەکەم داواکارییەکەی [گەڕانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران] لەو رووەوە بووبێت کە کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە و لە روانگەی بەپەرۆشی خۆی بووە کە دوو سێ جار داوای لێکردین بگەڕێینەوە.''
"سلێمانی یەکەمی عێراقە بۆ وەبەرهێنان"
جێگری سەرۆکی حکومەت باس لەوە دەکات، لە ساڵی 2022دا سلێمانی لە بواری وەبەرهێنان و ژمارەی ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتیان پێدراوە، لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەم بووە و زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سلێمانی دەرچووە.
وەک قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئەگەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەرەو باشی بڕوات، ''پێموایە ئەو گەشەپێدانەی ئێستا دەستیپێکردووە، بەرچاوتر دەبێت و تەواوکردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانیش کە یەکێک لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکانە، کاری لەپێشینەی سەرۆکی حکومەت و من دەبێت.''
سلێمانی، کەمترین رێژەی بێکاری هەیە
جێگری سەرۆکی حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی فیدراڵی، کەمترین رێژەی بێکاری لە سلێمانییە و داوا لە قوتابیان دەکات، ''نەکەونە ژێر ژاوەژاو و کاریگەری سۆشیاڵ میدیا کە لەبەر مەڕامی سیاسی یان لە دژی من یان حیزبەکەشم بێت، کەشێک دروستکراوە کە سلێمانی شێتخانە و شوێنێکی بێسەرەوبەرە؛ ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە و شارێکی جوان و ئاوەدانە.''
گرنگیدان بە سرووشتی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی باس لە پڕۆژەیەک لە هەڵەبجە دەکات بە نێوی ''گەشتوکاڵ'' کە خەڵکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێنێتە باخەکانی هەڵەبجە کە بەرهەمی کشتوکاڵییان هەیە و دەڵێت، ''هەم دەتوانن وەکو گەشتیار لەم شوێنە بمێننەوە هەمیش دەتوانن سوود لە بەرهەمی ئەو کێڵگەیە وەربگرن و پڕۆژەیەکی گەشتیاری و پشتیوانییەکی کشتوکاڵی دەبێت، بۆیە ناوی نراوە گەشتوکاڵ.''
جێگرەکەی سەرۆکی حکومەت دەڵێت، دەتوانرێت زۆر بە باشی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پەرەی پێبدرێت و ''دەبێ گرنگی بە سرووشت، کەرتی پیشەسازی و گەشتوگوزار بدەین کە سەرچاوە سرووشتییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن.''
سیستمی یەک پەنجەرە
پێشتر قوباد تاڵەبانی بۆ کەمکردنەوەی رۆتینات و راپەڕاندنی کاری هاووڵاتییان لە فەرمانگەکان، سیستمی یەک پەنجەرەی لە سلێمانی رایگەیاندبوو و دەڵێت، ئەم سیستمە تەنیا لە سلێمانی نییە و ئێستا لە دهۆک و هەولێریش لە هەندێک لە فەرمانگەکان دەبینرێت. دەشڵێت، بۆ ئەوەی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، سیستمی یەک پەنجەرە بەرکار بێت، کات پێویستە.
گۆڕانی کەشوهەوا بەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی گرتووە
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە خوێندکاران کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چی کردووە و چی دەکات؟ گوتی، بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا، گرنگترین بابەتی جیهانە و دەشڵێت: ''ئێمە هۆکاری ئەو گۆڕانە نین، بەڵکو قوربانی گۆڕانی کەشوهەواین.''
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئێستا کە کوردستان گەشە دەکات، پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە وزەی پاک بدرێت بۆ ئەوەی پێش بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بگیرێت.
وەکو قوباد تاڵەبانی دەڵێت، بەشێکی زۆری بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییان کە گرنگییەکی زیاتر بە پاکوخاوێنی و پاراستنی ژینگە بدەن، ''من پێموایە ئەمە خاڵێک نییە کە ناکۆکییەکی سیاسی هەبێت لە نێوان هیچ حیزبێکی سیاسی لە کوردستان، بەڵام بەداخەوە دڵنیام لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی باسی گۆڕانی کەشوهەوا نەکراوە.''
سیستمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دواکەوتووە
جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد کە سیستمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دواکەوتووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەنگاوی باش نراوە بۆ بەبازاڕکردنی باشتری بەرهەمی جووتیاران و بەروبوومی خۆماڵی.
یەکێک لە قوتابیان لەوبارەوە پێیوابوو کە هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە تورکیا و ئێرانەوە، زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە. قوباد تاڵەبانیش دەڵێت: ''ناکرێت هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە وڵاتانی دیکە بە یەکجاری قەدەخە بکرێت، بەڵام دەکرێت پڕۆسەکەی قورستر بکەین و گومرگی هاوردەکردنەکەی زیاتر بکەین بۆ ئەوەی پشتگیرییەک لە بەرهەمی خۆماڵی بکرێت.''
"دەستپێشخەری بۆ ئاشتی تەنیا هی پارتی نەبووە"
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە قوتابییەکان کە لێی پرسی، "بۆچی وەڵامی دەستپێشخەرییەکانی پارتی و سەرۆک بارزانی نادرێتەوە؟" گوتی، "پێموانییە هەموو دەستپێشخەرییەکان هەر هی پارتی دیموکراتی کوردستان بووبن، ئەوە نە راستییە نە واقیعییە. موبالەغەیەکە و هەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت."
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە کوردستان هاوسەنگییەک هەیە و یەکێتی و پارتیش ئەو هاوسەنگییەیان راگرتووە. دەشڵێت، پێشتریش بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێشخەریی کردووە و داوای کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کردووە.
قوباد تاڵەبانی پێیوایە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لە ئەستۆی یەک لایەنی سیاسی نییە و چارەسەری کێشەکانی کوردستانیش بە دەستی کەسێک و لایەنێک ناکرێت، "بۆیە ئێمە بە تەبایی و برایەتیی راستەقینەی یەکدی دەتوانین زۆر لە کێشەکان چارەسەر بکەین و دەبێت لە مانای هاوبەشییش تێبگەین، ئالییەتێک بدۆزینەوە کە پێکەوە بژین، بەبێ ئەوەی یەکێک هەست بکات کە دەبێت بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ ببێت."
"کوردستان جارێکی دیکە شەڕی نێوخۆ نابینێتەوە"
پرسیارێکی دیکە ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرا، کە "بۆچی یەکێتی رازی نییە هێزی هاوبەش لەسەر سنوورەکان هەبێت، ئایا لەبەر شەڕی نێوخۆیە؟" جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدا باسی لەوە کرد، متمانەیەک هەیە کە "جارێکی دیکە لە کوردستان شەڕی نێوخۆ رووناداتەوە" و "پێموایە هیچ پێشمەرگەیەک نییە شەڕ بۆ یەکێتی بکات دژی پارتی، یان شەڕ بۆ پارتی بکات دژی یەکێتی، ئەو ئەزموونە تاڵەمان تاقیکردەوە و هەردوولاش شکستی هێنا و بەهۆیەوە کوردستان 20 ساڵ دواکەوت."
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، هەموو کێشەکان بە هێز چارەسەر نابن و گوتی، "ئەگەر کێشەیەک لە دەروازە سنوورییەکە هەیە با دوو فەرمانبەری گومرگی یان دوو ژمێریار بنێرن، هێزی بۆ چییە، بۆچی دەبێت هەر کێشەیەک رووبدات لەم کوردستانە، یەکسەر روو لە هێز بکەین، هێز بۆ ئەوە دروستکراوە کە شەڕ بکات، نەک لێکدانەوەی داهاتی گومرگ بکات."
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ ئەوەدا نییە "هێز نە بە هاوبەش و نە تاک و نە فرەبەش بچێتەسەر سنوورەکان و ئەو کارانە بکات، ئەوە کاری هێز نییە و کاری گومرگ و فەرمانبەران و راگەیاندنە."
"لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی تەواوکەوری یەکدین"
قوباد تاڵەبانی باسی لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، برا گەورەی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بە گوتەی خۆی، پەیوەندییەکی قووڵە و دەڵێت، "من حەزم لە کاری حکومی، گۆڕینی رێنوێنییەکان، شەڕکردن لەسەر یاسا و چاکسازییە، بافڵیش حەزی لە شەڕەشەقی حیزبایەتییە و حەزی لە هێنان و بردن و کۆبوونەوەیە، کە لەوەشدا سەرکەوتووە و ستراتیژییانە بیر دەکاتەوە."
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، کاتێک بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بافڵ تاڵەبانی یەکەم کەس بووە کە راوێژی پێکردووە و ئەویش گوتوویەتی، "بۆ دەپرسی، هەر بڕۆ یەکسەر." دەشڵێت، "کاک بافڵیش لەگەڵ ئاشتەواییە و یەکێتیش لەگەڵ ئاشتەواییە و ئێمەش لەگەڵ هەموو دەستپێشخەرییەکین لەپێناو ئاشتەوایی."
یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە خاوی بەڕێوەدەچێت
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ریفۆرم یان یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام بە خاوی بەڕێوەدەچێت و پێویستی بە جەوێکی سیاسیی ئارام ، لێهاتوویی، توانا و ویستە لە هەرێمی کوردستان کە "ئێستا دەرکەوتووە ویستەکە هەیە، بۆمان دەرکەوتووە کە پێشمەرگەی زۆر ئازاشمان هەیە، هێزی تۆکمەمان هەیە، بەڵام ئەگەر وەکو یەک هێز سەیری بکەین، نەخێر یەک هێز نین."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە دەبێت هێزی پێشمەرگە لەڕووی سەرکردایەتی و فەرمانەوە یەکبخرێت، کە ئەوەش پڕۆسەیەکی گەورەیە و کاتی پێویستە.
"دەبێت هەموو شۆفێرێک بیمەی هاتووچۆی هەبێت"
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە قوتابییان سەبارەت بە بیمە گوتی، "حەق نییە هیچ کەسێک بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ بکات، کە بیمەی هاتووچۆی نەبێت."
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژە بەوەش دەکات، دەکرێت هەم کەرتی تایبەت و هەم حکومەت ئەم پڕۆژەیە بەڕێوەببەن و دەڵێت، "من پێموایە پێویستە ئەم کارە بکرێت و بیمە بۆ کەرتی تەندروستی و خانووبەرەش هەبێت."
"عێراق سەروەریی خاکی خۆی بەدەستەوە نییە"
یەکێک لە قوتابییان پرسیاری ئەوەی لە قوباد تاڵەبانی کرد کە چ بیرۆکەیەک بۆ رێگری لە سنووربەزاندن و هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان هەیە و جێگری سەرۆکی حکومەت لە وەڵامدا گوتی، "ئاسمانی وڵاتی ئێمە بەدەست خۆمان نییە و بە حاڵ خاکەکەمان بەدەستەوەیە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جگە لە گلەیی و گازندە و سەرکۆنەکردنی هێرشە درۆنی و بۆردوومانەکان، هیچ ئالییەتێکی دیکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوە نییە و دەشڵێت، ئەوە پەیوەندیی بە سەروەریی خاکی عێراقەوە هەیە.
قوباد تاڵەبانی زیاتر روونیدەکاتەوە، "بەشداریکردنمان لە عێراق و بەشێکبوون لە خاکی عێراق، دەبێت سوودێکی بۆ ئێمە هەبێت، فڕۆکەخانەی سلێمانیش هێرشی کرایەسەر و کەس قسەی نەکرد، من بۆم دەرکەوتووە هەموو کەس بۆی هەیە سەروەریی عێراق ببەزێنێت جگە لە کورد."
جێگری سەرۆکی حکومەت رەتیکردەوە کە مەزڵووم عەبدی، لەسەر بانگهێشتی یەکێتی لە سلێمانی بووبێت و دەڵێت، ئەو لەسەر داوای یەکێک لە هاوپەیمانەکانیان سەردانی ئەو شارەی کردووە، بەڵام ئەوان [یەکێتی] باجەکەیان داوە.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لەگەڵ کوردی رۆژئاوا هاوپەیمانێتییان هەیە کە نەیانشاردووەتەوە و ناشیشارنەوە و لە چوارچێوەی شەڕ لەگەڵ داعشدایە، کە تورکیاش لەو هاوپەیمانییە ئاگادارە، "نە شەرمی لێدەکەین، نە بە دزییەوە ئەم هاوپەیمانییە هەیە و نە دەیشارینەوە، بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەین و لە چوارچێوەی شەڕی داعشدایە."
پارێزگاری کەرکووک
قوباد تاڵەبانی پێیوایە کێشەیەکی زۆر لە کەرکووک هەیە و بەشێک لە کێشەکان پەیوەندییان بە راکان جبووری هەیە کە بە "نایاسایی" پارێزگاری کەرکووکە، بەشێکیش پەیوەندی بەو "غەدرانە" هەیە کە لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و رووداوەکانی 16ی ئەکتۆبەر، بەسەر کەرکووکدا سەپێندرا، "بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان و وەزیرە کوردەکان لە بەغدا هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم بابەتە بە جدی وەربگیرێت و بابەتی کەرکووک بە یچ شێوەیەک پشتگوێ نەخراوە."
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، لە هەوڵەکان بەردەوام دەبن، "تاوەکو لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا، دەنگی راستەقینەی خەڵکی کوردستان کە کەرکووک بە شارێکی کوردستانی دەبینین، لە ئاکامی هەڵبژاردنیشدا ئەو راستییە دەربکەوێت و پارێزگارێکی کورد بگەڕێتەوە بۆ قودسی کوردستان."
"هیچ شەڕەفێک لە ژنکوژیدا نییە"
قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیاری قوتابییەک کە حکومەت بۆ بنبڕکردنی ژنکوژی بە نێوی شەڕەفەوە چی دەکات؟ دەڵێت، "بە رای من هیچ شەڕەفێک لە ژنکوژیدا نییە، هیچ هۆکار، یاسا و دەقێکی پیرۆزی ئایینی نییە کە رێگە بە پیاوێک بدات بۆ ئەوەی ژنێک بکوژێت، ئەمە تاوانە و دەبێ وەکو تاوان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەبێ ئێمە هەموومان کۆک بین لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان جێی کوشتنی کەس نییە بە نێوی شەڕەف."
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گۆڕینی ئەم عەقڵییەتە سەقەتە کە رێگە بە پیاوێک دەدات ئەو مافە بەخۆی بدات ژنێک بکوژێت، تەنیا بە ژنان ناکرێت، بەڵکو بە پیاو دەکرێت."
نۆژەنکردنەوەی رێگەی سلێمانی - هەولێر پارەیەکی زۆری پێویستە
یەکێک لە مەترسیدراترین رێگەکان لە هەرێمی کوردستان، رێگەی نیوان هەولێر و سلێمانییە و قوباد تاڵەبانی لەوبارەوە دەڵێت، بۆ چاککردنی رێگەوبانەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی، پارەیەکی زۆر پێویستە کە تاوەکو ئێستا حکومەت ئەو پارەیەی نەبووە؛ دەشڵێت، زۆربەی جادەکانی دیکەش وەکو 100 مەتری و 120 مەتریش هەر بە قەرزکراون و پارەی ئەوانیش نەدراوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەبەرهێنەرەکان دەکات، ئامادە بن کە رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانیش بە قەرز نۆژەن بکەنەوە.
بەرهەمهێنانی کارەبا، ئامانجی لەپێشینەی دەرهێنانی گازە
قوباد تاڵەبانی لەبارەی سیاسەتی گازی هەرێمی کوردستان گوتی، "سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەم گازە ببێتە سوودێک بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دەبێ گاز بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی خۆمانی پێ پڕ بکەینەوە و ئەولەوییەتی دەرهێنانی گازیش بۆ کارەبا بێت، دووەم بۆ پیشەسازییە، تاوەکو پیشەسازی و وزەیەکی پاکمان هەبێت و سێیەمیش ئەوەیە بتوانین بۆ ماڵەکانی بنێرین و ئینجا بتوانین هەناردەی ناوچەکانی دیکەی عێراق یان دەرەوەی بکەین."