کەشناسی: چوارشەممە و پێنجشەممە لە هەندێک ناوچە نمەباران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی نمەباران لە ناوچەی جیا دەبارێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمڕۆ خۆڵبارینێکی "سووک" بەشێکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت و لە ناوچە جیاکان نمەباران دەبارێت؛ پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرز دەبێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسی، ئەمڕۆ خۆڵبارینێکی "سووک" هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەریی زیاتری لەسەر بەشێکی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەندێک ناوچەی جیا ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە تاوەباران و چالاکی با بەردەوام دەبێ؛ گوتیشی: "لە ئێوارەوە تەپۆتۆز ناوچەکەمان دەگرێتەوە و کاریگەری زیاتری لەسەر گەرمیان دەبێت."
بە گوتەی ئەو کەشناسە، "سبەی پێش نیوەڕۆ پێشبینی تاوهباران دەکرێت، بەتایبەت لە سنووری هەولێر، هەروەها ناوچە شاخاوییەکانی ههولێر، سلێمانی و ئیدارهی راپهڕین."
لەبارەی کەشوهەواوی سبەی پێنجشەممەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "ئاسمان هەور دەبێت؛ نمەبارانێکی کەم لە هەندێک ناوچە دەبارێت و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک."
سبەی پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با 15 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێ لە کاژێرێکدا.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 36 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 32 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 32 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 34 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 32 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 29 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 42 پلەی سیلیزی