حەج و عومرە: نزیکەی 3400 هاونیشتمانی بۆ حەج گەیشتوونەتە سعودیە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی سێ هەزار و 400 هاونیشتمانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج گەیشتوونەتە سعودیە.
 
شەممە 24-05-2025 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەی سعودیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ سێ هەزار و 398 هاونیشتمانی بۆ حەج گەیشتوونەتە سعودیە، هەزار و 734 کەسیان لە رێگەی ئاسمانی و هەزار و 664 کەسیشیان لە رێگەی وشکانی".
 
ستوونی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی نەخوازراو لەنێو زیارەتکارانی کوردستان لە رێگە و لە سعودیەش رووینەداوە".
 
16ـی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن.
 
گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت: "گەشتەکان بەردەوامن و 28ـی ئەم مانگە دوایین گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەکرێت".
 
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیادکراوە. پار چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.