مینی پاسێکی قوتابییان لە دەشتی زرارەتی گڕی گرت؛ 'هەموو سەلامەتن'

رووداو دیجیتاڵ

مینی پاسێک لە دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر گڕی گرت. شوفێری ئۆتۆمبێلەکە دەڵێت، قوتابی تێدا بووە و هەموویان سەلامەتن.
 
رووداوەکە رۆژی شەممە، 24-05-2025، لە دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر لەنێوان گوندەکانی زەرگەزەوی و چڕە روویدا.
 
نیعمەت شاکر، شۆفێری مینی پاسەکە کە خۆیشی قوتابیی 12ـی ئامادەییە، قسەی بۆ رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: ''بەرەو قوتابخانە دەڕۆیشتین بۆ تاقیکردنەوە، لەناکاو دەنگێکی بەرزمان بیست. کاتێک دەرگەم کردەوە، ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتبوو.''
 
بەگوتەی نیعمەت شاکر، دوای گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، ئەو دەرگەیەی سەرنشینەکان پێیدا سەردەکەون، داخرا؛ ئاماژەی بەوەشکرد: ''چوومە خوارەوە و ناچار قوتابیانیش بە جامەکاندا خۆیان فڕێدایە دەرەوە.'' 
 
وەک ئەو شۆفێرە دەڵێت: ''سێ خولەکی نەبرد، مینی پاسەکەم کە نرخەکەی نزیکەی 10 هەزار دۆلار بوو، بە تەواوی سووتا.''
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکە دیار نییە. نیعمەت شاکر باسی لەوەکرد، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و قوتابییان سەلامەتن.