وردەکاریی سێیەمین کۆنفرانسی گۆڕان؛ 'ویستیان بە ساختەکاری بڕیارەکان تێپەڕێنن'
رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵی ئاشتی لە شاری سلێمانی، بە بەشداری هەردوو باڵی ناکۆکی "کوردسات" و "زەرگەتە"، پاش نزیکەی پێنج کاژێر لە کۆبوونەوە و چەندینجار سەرهەڵدانی گرژی، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و بە چەپڵەڕێزانێکی نائاسایی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ناکۆکییەکان لەسەر میکانیزمی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس و هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی نوێی بزووتنەوەکە، بووە هۆی ئەوەی هەر لە سەرەتاوە گرژی دروست ببێت. نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، کە چاودێری پرۆسەکەی دەکرد رایگەیاند: "بەهۆی دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزییەوە، کۆنفرانسەکە دوادەخرێت."
تۆمەتبارکردنی یەکدی
هەر زوو، هەردوو باڵەکەی ناو گۆڕان، یەکتریان بە هۆکاری شکستپێهێنانی کۆنفرانسەکە و دواخستنی تۆمەتبار کرد.
ئیسماعیل نەجمەدین، هەڵسوڕاوی گۆڕان لە باڵی زەرگەتە، بە رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ دواخستنی کۆنفرانسەکە بووین، چونکە ژمارەیەک خەڵکی زیادە و بێ ماف کرابوونە ناو هۆڵەکەوە و ویستیان بە زۆرینەیەکی ساختە بڕیارەکان تێپەڕێنن، ئێمەش رێگەمان بەوە نەدا."
لەلایەکی دیکەوە، کارزان ئەسعەد، هەڵسوڕاوی گۆڕان لە باڵی کوردسات، "سیناریۆیەکی جیاواز" دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "نوێنەری کۆمیسیۆن سەرەتا بڕیاریدا پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە، بە مەرجێک ئەگەر پشێویی دروستبوو، ئەوا دوایبخەن. هەر کە دەستمان پێکردەوە، پشێوی دووبارە سەریهەڵدایەوە، بۆیە کۆمیسیۆن بڕیاری دواخستنی دا."
ناکۆکی لەسەر ژمارەی ئەندامان و "ساختەکاری"
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 860 ئەندام ئامادەبوون. باڵی کوردسات بانگەشەی ئەوە دەکات کە 122 ئەندامیان لە باڵەکەی دیکە زیاتر بووە. لە بەرامبەردا، باڵی زەرگەتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان زۆرینەن و نزیکەی 10 ئەندامی باڵی بەرامبەر "ساختە" بوون و بە نایاسایی هێنراونەتە ژوورەوە.
داهێن هاشم، هەڵسوڕاوێکی دیکەی باڵی زەرگەتە، وردەکاریی زیاتر دەخاتەڕوو: "دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ژمارەیەک کەس لە دەرگای پشتەوە و بەبێ ئاگاداریی نوێنەرانی کۆمسیۆن و ئێمە، براونەتە ناو هۆڵەکەوە. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی پشێوی و ناڕەزایەتی."
بەڵام ئەنوەر رەشید، لە باڵی کوردسات، وەڵامی ئەم تۆمەتانە دەداتەوە و دەڵێت: "هەر لایەنێک پشێوی دروستکردبێت، ئەوا دۆڕاوی سەرەکییە. ئێمە وەک باڵی کوردسات بە 130 دەنگ لە باڵی زەرگەتە زیاتر بووین و زۆرینە بووین."
خاڵی سەرەکیی ناکۆکی
جەوهەری کێشەکە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە بوو. باڵی کوردسات رژد بوو لەسەر ئەوەی رێکخەری گشتی لەناو کۆنفرانسەکەدا و بە دەنگی ئەندامانی کۆنفرانس هەڵبژێردرێت. لە بەرامبەردا، باڵی زەرگەتە پێیانوابوو کە دەبێت ئەم پرسە دوابخرێت بۆ دوای کۆنفرانس و لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا یەکلایی بکرێتەوە.
سەرەڕای چەندین کاتژمێر مشتومڕ و دانوستان، تاکە شتێک کە لە کۆنفرانسە پڕ لە گرژییەکەی گۆڕاندا کرا، تەنیا ژماردنی ئامادەبووان بوو، بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری دیکە بنرێت بەرەو یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ.
بەم شێوەیە، چارەنووسی سێیەمین کۆنفرانسی گۆڕان و داهاتووی سەرکردایەتیی ئەم بزووتنەوەیە، جارێکی دیکە کەوتە نێو ناڕوونییەوە و چاوەڕوانی کاتێکی دیکە دەکات کە رەنگە هێندەی ئەمجارە پڕ لە ئاڵۆزی نەبێت.