بۆ سێیەمین جار ژمارەیەک لە خوێندکارانی ماستەر گردبوونەوە ساز دەکەن
بۆ سێیەمین جار ژمارەیەک لە خوێندکارانی ماستەر کە بڕیارە بەشداربن لە پڕۆژەی تواناسازی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر ساز کرد، ئامانجی خۆپیشاندانەکە کەمکردنەوەی نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمان و توانا زانستیەکانە. بەرپرسی ناردن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش رایگەیاند، نمرەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لە پێنج نمرەوە دەکرێت بە چوار بەڵام بە مەرج.
بە پێی مەرجەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان هەر خوێندکارێکی بەشداربوو لە پرۆژەی تواناسازی دەبیت لە تاقیکردنەوەی زمان و توانای زانستی ناسراو بە ئایڵس لە نۆ نمرە پێنج نمرە بەدەستبهێنێت ، بەڵام ئەو خوێندکارانەی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوە داوا دەکەن ئەو پێنج نمرەیە بکرێت بە چوار نمرە بۆ ئەوەی زۆرترین خوێندکار سودمەندبێت و بە کەمترین تاقیکردنەوە بروات بۆ دەرەوەی وڵات بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر .
خوێنکاران کە خولەکانیان شەش مانگ دەخایەنێت گووتیان لە نێوان سەنتەرەکانی تاقیکردنەوەی توانای زمان و وەزارەتی خوێندنی باڵا بازرگانیان پێدەکرێت چونکە تا ئێستا چەند تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامداوە کە هەر تاقیکردنەوەیەک ٢٥٠ دۆلاری تێدەچێت و تەنها یەکجار لە ئەستۆی حکومەتە .
د . گۆڤەند حوسێن ، بەرپرسی ناردن و پەیوەندیە رۆشنبیریەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند ئەو مەرجانە پەیوەندی بە توانای زمان و زانستی خوێندکارانەوە هەیە ، ئاماژەشیکرد کە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکەن بە چوار نمرە بە مەرجێک خوێندکارەکە پشگیری سەنتەری خوێندنەکەی پێبێت کە بێسەلمێنێت توانای زمان و زانستی بەرزترە لەو چوار نمرەیە .
ئەو خوێندکارانە کە زۆربەیان فەرمانبەری حکومەتن ژمارەیەکیان ماوەی دوو ساڵە بە هۆی کەمی نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمان و توانای زانستی نەیتوانیوە برۆن بۆ دەرەوەی ووڵات بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر لە چوارچێوەی پرۆژەی تواناسازی .