هێمن عەبدوڵڵا دووردەکەوێتەوە
رووداو- هەولێر
ئەمشەو دوایین زنجیرەی بەرنامەی #بەهێمنی لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو پەخشدەکرێت. مژاری بەرنامەی ئەمشەو لەسەر (مامەڵەی بەکارهێنەری کورد لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) دەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری راوەستانی بەرنامەکە، هێمن عەبدوڵڵا، پێشکەشکاری بەرنامەکە بە پۆرتاڵی رووداوی راگەیاند: “دوو هۆکاری هەیە، یەکەم: بەرنامەکە سیزنی خۆی تەواوکردووە. دووەمیش پەیوەندیی بەمنەوە هەیە کە دەمەوێ ئەم ماوەیە بەتەواوەتی کاتی خۆم تەرخان بکەم بۆ کاری بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو”.
هێمن عەبدوڵڵا لەماوەی رابردوودا بە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) و بەدوایدا لە بەرنامەی (تۆپ ستۆری) و دواتریش (قاوەیەک لەگەڵ حیزبەکان) لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو ناسرا. لەبارەی پلانی داهاتووی بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی نوێ، پێشکەشکاری #بەهێمنی بە پۆرتاڵی رووداوی راگەیاند: “پلانەکە ئەوەیە کە لەم ماوەیەدا لەسەر شاشە دووردەکەمەوە و لەپشت شاشە کاردەکەم”.