ئێران لە سنووری سەردەشت ئاوی زێی بچووکی گرتەوە

رووداو - قەڵادزێ

ئێران لەسەر سنووری شارۆچکەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاوی زێی بچووکی گرتەوە و نزیکەی 80% ی ئاوی زێی بچووک کەمیکردووە. وەک یەکەم گاریگەری گرتنەوەی ئاوەکەش زیاتر لە 85 هەزار هاونیشتمانی لە سنووری قەڵادزێ دووچاری بێئاوی بوون. 

ئاوی زێی بچووک لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری سەردەشتەوە دەڕژێتە قەڵادەزێ، لەوێوە بۆ دەریاچەی دوکان دەچێت. بەدرێژایی 400 کیلۆمەتر دەڕژێتە رووباری دیجلە. 

ئێران ئاوەکە بۆ بەنداوی کۆڵەسە گلدەداتەوە کە دەکەوێتە ناوچەی سەردەشت و 10 ساڵە کار بۆ دروستکردنی دەکات. پرۆژەکە 21 ی ئەم مانگە تەواوکرا. عەبدول ستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش بەنیازە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە سەردانی ئێران بکات.  

بەرپرسی بەكارخستنی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ‌ رایگەیاند، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان ‌و گەیشتنی ئاوی رۆژانە بە دانیشتووانی قەزاکە، ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوێكن.

زانا عوسمان، بەرپرسی بەكارخستنی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ‌، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە قەڵادزێ‌ لەسەر ئاوی زێی بچووک پڕۆژەی ئاوی خاس دروستكراوە كە لەوێوە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی قەڵادزێ‌ دابیندەكرێت، بەداخەوە لە رۆژی 23-6-2017 وە ئاوەكە وردە وردە كەمیكرد و ئێستا 80% ی ئاوەكە كەمیكردووە، بەوهۆیەوە ناتوانین ئاوی خواردنەوەی پێویست بۆ دانیشتووانی قەڵادزێ‌ دابین بكەین".

هاوکات عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پلانێکی پێشوەختەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتە ئامادەکردووە و دەڵێت، کوردستان خاوەنی 17 بەنداوی ئاوگلدانەوەیە، بەوپێیەی ئاوی هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرەکانییەوە بە کەڵکی خواردنەوە دێت، ئەگەر کار لەسەر تەواوکردنی بەنداوە تەواو نەکراوەکان بکرێت، بێئاوی نابێتە هۆکارێک  زیان لە هەرێمی کوردستان بدات.




عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، ئاوی هەرێمی کوردستان بۆ خواردنەوە، ئاودێری و پیشەسازی شیاوە، بەشێک لەو ئاوە دابینکراوە و بەشێکیشی ماوە. باسی لەوەش کرد کە 20 بەنداو لەژێر دروستکردندان، ئەگەر تەواوبکرێن، دوو هێندەی بڕی پێویست ئاو دەبێت، هەشت بەنداوی دیکەش نزیکەی 80%ی کارەکانیان تەواوبوون و بۆ تەواوکردنیشی نزیکەی 11 ملیار دینار پێویستە، کە سەرۆکوەزیران بەڵێنی سەرفکردنی ئەو بڕە پارەیەی داوە.

سەبارەت بە ئاوی ژێرزەویش عەبدولستار مەجید گوتی: "ئاستەکەی 60 بۆ 100 مەتر دابەزیوە، ئەوەش بۆ لێدانی بیری ئیرتیوازی و کەمبوونەوەی باران و بەفر دەگەڕێتەوە".

قەڵادزێ‌ لەڕووی كارگێڕییەوە قەزایە و سەر بە پارێزگای سلێمانییە، نزیكەی 85 هەزار دانیشتووی هەیە ‌و سەرچاوەی ئاوی سەرەكی دانیشتووانەكەی پرۆژەی ئاوی خاسە كە ئێستا گرفتی بۆ دروست بووە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح