لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران کێشەی ئاوی چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرفتی كەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر دەكرێت و بە گوژمەی زیاتر لە 7 ملیار دیناریش دەرخستە ئامادەكراوە.
 
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شاری چەمچەماڵ رایگەیاند: دواى ئەوەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان زانی كە شاری چەمچەمال گرفتی كەمئاوی هەیە، فەرمانیكرد بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و لیژنەیەكمان راسپارد سەردانی چەمچەماڵ بکات، لیژنەكە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی تێدابوو، ئەو لیژنەیە دیراسەی كەمئاویان لە چەمچەماڵ كرد و دواتر ئێمە وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانێكمان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەمئاوی لە چەمچەماڵ.
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەکرد، پلانی درێژخایەن پێویستی بە گوژمەیەكی گەورەیە، ئەو پلانەمان داناوە و دەرخستەكانیش ئامادەن، بەڵام وەك چارەسەری ئێستاكە، دەرخستەكان رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراون و خەریكی دیراسەكردنن. 
 
سەبارەت بە چارەسەرە كاتییەكەش، وەزیری شارەوانی گوتی: "چارەسەری كەمئاوی لە چەمچەماڵ بەشێوەی كاتی، لێدانی 10 بیری تازەی ئاو و راكێشانی بۆری و دروستكردنی تانكییەك بە قەبارەی 1000 مەتر سێجا و كۆمپاكت یونتێك بۆ تەسفیە و پاڵدانی ئاو و چاكسازی و گۆڕینی بۆری 900 ملم لە كانی شەیتانەوە". 
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گوژمەی ئەو پلانانەوە گوتی: "گوژمەی ئەو پرۆژانە 7 ملیار و 681 ملیۆن دینارە و هیواخوازین لە ئایندەیەكی نزیكدا رەزامەندی لەسەر بدرێت، جگە لەمە دەمەوێت موژدە بدەمە هاووڵاتییانی شاری چەمچەماڵ كە سەرۆكوەزیران لەم چەند رۆژە رەزامەندی لەسەر پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاوی دووكان (كۆن) كە ناسراوە بە دووكان1 كردووە بە گوژمەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار و لە كاتی چاكسازی لەو بۆرییەدا بەشە ئاوی چەمچەماڵ باشتر و كاریگەری زۆر باشی لەسەر گەیشتنی ئاوی خاوێن بۆ چەمچەماڵ دەبێت".
 
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێ ئێستا لەسەر سێ ئاست و پلاندا كار لەسەر چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی چەمچەماڵ دەكرێت، ئەوانیش پەرەپێدانی بۆریی ئاوی دووكان1، کە تێچووەکەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینارە و هەروەها پلانی دووەمیش لێدانی 10 بیری تازە و گۆڕانكارییە لە بۆرییەكان و دروستكردنی کۆگا و پلانی سێیەمیش کە پلانە درێژخایەنەكەیە بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی شاری چەمچەماڵ چارەسەر دەكات.
 
ساڵی 2013 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بڕی 130 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دابینبکات، کە کێشەی کەمئاویی سنووری قەزاکە چارەسەر دەکات، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پارەکە خەرجنەکرا. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان هەندێک پلانی خێرا و کورتخایەنیان بۆ چەمچەماڵ جێبەجێکردووە، لەوانە لێدانی 10 بیرە، بەڵام خۆشیان دەڵێن ئەمە چارەسەرێکی کاتی و ناچارییە.
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "چارەسەری تەجاوزاتی سەر بۆریی هێڵی سەرەکیی ئاوی چەمچەماڵ و رێکخستنەوەی شارۆچکەکانی پێش چەمچەماڵ، چارەسەرێکی کاتییە، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵە".
 
چەمچەماڵ هەشت شارۆچکە و 420 گوندی لەسەرە، ناوەندی قەزاکە و شارۆچکەکانی شۆڕش، تەکیە، ئاغجەلەر و چەندین گوند  بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن.