شەڕەتەقە لە نێوان دانیشتووانی گوندێکی پشدەر و گەریلاکانی پەکەکەدا روویدا
رووداو دیجیتاڵ
شەڕە تەقە لەنێوان دانیشتووانی گوندی شێنێی سەر بە قەزای پشدەر و چەند گەریلایەکی پەکەکەدا روویدا، قایمقامی پشدەریش دەڵێ: "دانیشتوویەکی گوندەکە بریندار بووە".
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-6-2021 لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕە تەقە لەنێوان دانیشتووانی گوندی شێنێی سەر بە قەزای پشدەر و چەند گەریلایەکی پەکەکەدا روویداوە و بەهۆیەوە دانیشتوویەکی گوندەکە برینداربووە".
سەبارەت بە هۆکاری شەڕەکەش، بەکر بایز گوتی: "تاوەکو ئێستا هۆکاری شەڕەکە دیارنییە و ئاسایشی راپەڕینیش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە".
بەڵام هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی لە راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، شەڕەکە لەسەر وەرگرتنی باج بووە لەلایەن پەکەکەوە لە دانیشتووانی گوندەکە و گوتیشی: "لەشەڕەکەدا دانیشتوویەکی گوندەکە بەناوی فەقێ حەمەد ئیسماعیل و گەریلایەکیش بریندار بووە".