لە سەیرانگەی کونەماسی گەنجێک دەخنکێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ لە چەمێکی سەیرانگەی کونەماسی لە سلێمانی خنکا.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ گەنجێک لەنزیک پردە ئاسنەکەی سەیرانگەی کونەماسی لە چەمێکدا خنکا.
کامەران عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، بە هاوکاری تیمی مەلەوانی دووکان توانرا تەرمی گەنجەکە بدۆزرێتەوە و ئێستا نێردراوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.
باسی لەوەش کرد، گەنجەکە ناوی "بەرزان سوارەیە" و تەمەنی 26 ساڵە، خەڵکی گوندی تەڕەمارە لە پیرەمەگروون، بەمەبەستی گەشت و سەیران هاتووە بۆ ئەو سەیرانگەیە، بەڵام لەوێ خنکاوە.
کونەماسی سەیرانگەیەکی دیاری سلێمانییە کە دەکەوێتە ناوچەی شارباژێڕ، بەهۆی بوونی ئاو و سەوزاییەوە لە هەموو هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە گەشتیاران رووی تێدەکەن.
بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیڵۆن راشیدەگەیێنێت، ئەو چەمە ئاوی زۆر کەمیکردووە، بەڵام پێدەچێت ئەم گەنجە هیچ مەلەی نەزانیبێت، بۆیە خنکاوە.
گوتیشی: لە ماوەی ئەمساڵدا یەکەمجارە کەسێک لەو ناوچەیە لەکاتی مەلەکردن بخنکێت، بەڵام ساڵانی رابردوو چەند کەسێک لەو سنوورە خنکاون، بۆیە لەو شوێنانەی بۆ مەلەکردن شیاونین ئاگادارییان هەڵواسیوە.