لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان 12 کەس برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە پارێزگای ئەرزینجان لە باکووری کوردستان 12 کەس برینداربوون. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 24ی حوزەیرانی 2023، لە رێگەی سەرەکیی نێوان ئەرزینجان – ئەرزەڕۆم لە نزیک شارۆچکەی ئوغور، رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل روویدا. لە ئەنجامدا 12 سەرنشینی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون. 
 
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارۆچکەکە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی تیژڕۆییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بە تووندی خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی دیکە لە رێڕەوی بەرامبەردا کێشاوە. 
 
سەرباری ئەوەی زیانی زۆر بە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە گەیشتووە، بەڵام هیچکام لە سەرنشینەکان گیانیان لەدەستنەداوە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارۆچکەکە دەڵێت، سێ لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
ساڵی 2021ش لە باکووری کوردستان و تورکیا یەک ملیۆن و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا پێنج هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 274 هەزار و 615 کەس بریندارببوون.