لە 'پایتەختی گێلاسی ئێران' وەرزی رنینەوەی گێلاس دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزی رنینەوەی گێلاسە، شارە کوردییەکە بە پایتەختی گێلاسی ئێران دادەنرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرماوە ئەو میوەیە کەمیکردووە و بووەتە هۆی گرانبوونی نرخەکەی.
گێلاسی شنۆ بەهۆی خۆڕاگریی بەرهەمەکەی، بەردەوام یەکێکە لەو میوانەی کە هەم بۆ وڵاتان و هەمیش بۆ شار و پارێزگاکانی دەوروبەر هەناردە کراوە، ئەمساڵ رێژەی هەناردەکەی زیاتریش بووە.
باخدارەکانی شنۆ هۆکاری زیادبوونی رێژەی هەناردەی میوەکانیان، بەتایبەت گێلاس، دەگەڕێننەوە بۆ گرانبوونی نرخەکان و دەستنەڕۆیشتوویی خەڵکی نێوخۆ.
تێچووی بەرهەمهێنانی میوە و بەروبوومی کشتوکاڵی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بەرزدەبێتەوە و باخداران ئەوە بە یەکەم هۆکاری گرانبوونی میوەکانیان دەزانن.
ساڵی رابردوو لە باخەکانی شنۆ زیاتر لە 4000 تۆن گێلاس رنراوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئەو شارە بڕی بەرهەمەکەی بە 2000 تۆن خەمڵاندووە.