پلەی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە؛ لە گەرمیان دەگاتە 45 پلەی سیلیزی
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، رۆژی دووشەممە پلەی گەرما لە چەند ناوچەیەک دەگاتە 48 پلەی سیلیزی.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، ئەمڕۆ شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 26ـی مانگەوە تۆپەڵە هەوایەکی گەرم دەگەنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەی گەرما لە گەرمیان و کەرکووک دەگاتە 48 پلەی سیلیزیی.
ئەو کەشناسە گوتی، 26ـی مانگ پلەی گەرما لە هەولێر دەگاتە 44 پلە؛ سلێمانی 39 پلە؛ هەڵەبجە 42 پلە و دهۆک 41 پلەی سیلیزیی. گوتیشی: "بۆ 28ـی حوزەیران کە جەژنی قوربانە، جەژن پلەی گەرما بەراورد بە پێشتری نزم دەبێتەوە".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- هەولێر؛ 40
- سلێمانی؛ 39
- دهۆک؛ 39
- کەرکووک؛ 43
- هەڵەبجە؛ 42
- زاخۆ؛ 40
- سۆران؛ 38
- گەرمیان؛ 45