پشتیوان سادق: نزیکەی 15 هەزار کەس بە رێکارەکانی دەرەوەی ئەوقاف بۆ حەجکردن چووبوونە سعودیە
رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی حاجییان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، جگە لە ژمارەی فەرمیی حاجییان، نزیکەی 15 هەزار کەس بە رێکارەکانی دەرەوەی وەزارەتەکەی چووبوونە سعودیە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-06-2024) یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە کاتی پێشوازیکردن لە حاجییە گەڕاوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''لە رێگەی 42 فەرمانبەری خۆمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی [حەج و عومرە] لە خزمەت ئەو حاجییانەدا بووین و هەموو ئامادەکارییەکان بە رێکوپێکی و بە جوانی بەڕێوەچوون.''
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 3 هەزار و 225 کەسیان بە رێگەی ئاسمانی چووبوونە ئەو وڵاتە. پشتیوان سادق گوتی: ''جگە لەو ژمارەیە، خەڵکی دیکەش بە رێگەی جۆراوجۆر گەشتی حەجییان کردووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە نییە.''
وەک وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، جیا لەو ژمارە حاجییەی لە رێگەی فەرمییەوە گەشتیان کردووە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج بە رێگەی دیکەی وەک ڤیزەی گەشتیاری، چوونەتە سعودیە. وەزیری ئەوقاف رایگەیاند ''ئێمە، ئاگاداری کۆمپانیاکانیشمان کردووەتەوە کە جگە لەو کەسانەی بە فەرمی حەج دەکەن، خەڵکی دیکە بە رێگەی جۆراوجۆر نەبەنە حەج.''