مەسرور بارزانی لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران: گفتوگۆ تەنیا رێگەیە بۆ پێشڤەچوون

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەکات و دەڵێت: "گفتوگۆ تەنیا رێگەیە بۆ پێشڤەچوون."
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستەوە پەیامێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات.
 
مەسرور بارزانی لەبارەی ئاگربەستەوە دەڵێت: "دانبەخۆداگرتن و گفتوگۆ تەنیا رێگەن بۆ پێشڤەچوون."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە "ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیری، رێزگرتن لە دراوسێ و هاوبەشەکان و، بڕیاری لەسەر بنەمای دانایی و سەرکردایەتیی بەرپرسیارانە هەیە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 01:00 (بە کاتی هەولێر) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
 
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
 
بە گوێرەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت، ئێستا یەکەم قۆناخی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکردووە و نەخشەڕێگەکەی ئاگربەست بەم جۆرەیە: 
 
6 کاژێری یەکەم: ئێران و ئیسرائیل دوایین 'ئەرک'ی خۆیان تەواو دەکەن
 
لەدوای 12 کاژێر: جەنگ بە فەرمی دەوەستێت
 
12 کاژێر تێپەڕی: ئێران شەڕ رادەگرێت
 
12 کاژێری دواتر: ئیسرائیل شەڕ رادەگرێت
 
لە 24 کاژێری تەواودا: جیهان پێشوازی لە کۆتاییهاتنی جەنگی 12 رۆژە دەکات
 
رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025 جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێکرد و تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو. بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران سەدان کەس کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیلیش، بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە نزیکەی 30 ئیسرائیلی کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.