لە سنووری ئاکرێ موەلیدەیەک تەقییەوە و دوو کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ دەڵێت، لە ناحیەی بجیل سەر بە قەزای ئاکرێ موەلیدەک تەقییەوە، بەو هۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "موەلیدەی گوندی گەویلان لە ناحیەی بجیل تەقییەوە، بەو هۆیەوە دوو کەس بریندار بوون و بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گۆڵان نێردراون."
 
بە گوتەی نێچیرڤان هەرکی، تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەی موەلیدەکە دیار نییە، بەڵام 15٪ـی جەستەی ئەو دوو گەنجە سووتاوە.
 
ئەو دوو گەنجە دانیشتووی گوندی گەویلانن، لە سنووری ئاکرێ، یەکیان ناوی سەهیل ئیندارە و تەمەنی 17 ساڵە ئەوی دیکەشیان ناوی رەمەزان یوسفە و تەمەنی 38 ساڵ.
 
وەکو گوتەبێژی تەندروستیی ئاکرێ دەڵێت، دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ نەخۆشخانەی سووتان دەنێردرێن.