ئەم مانگە مامەڵەی 9 هەزار خانەنشین تەواو کراوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەم مانگە نزیکەی 9 هەزار خانەنشین مامەڵەکانیان تەواو بووە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، شەش مووچە بەیەکەوە وەردەگرن". گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستانیش دەڵێت:" زیاتر لە دوو هەزاریان لە سلێمانین."
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی خانەنشینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ مانگی حوزەیران، 8 هەزار و 994 خانەنشینی نوێ ناویان لە لیستی مووچە تۆمارکراوە، کە لە دایکبووی ساڵانی 1962، 1963، 1964 و 1965ـن و مامەڵەیان تەواو بووە".
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "مووچەی ئەو ژمارە خانەنشینە دەکاتە 49 ملیار و 362 ملیۆن و 767 هەزار دینارە".
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، "لە 2025-01-01ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 19 هەزار و 100 دۆسیە تەواو بوون و هەموویان لە لیستی مووچە تۆمارکراون".
 
هاوکات سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە سلێمانی مامەڵەکان زۆر بە خێرایی دەڕۆن، چونکە دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەکان دراوە لە هەموو پارێزگاکان، پێشبینی دەکەین بۆ مانگی تەممووز مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو بێت".
 
وەک گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان گوتی: "بۆ ئەم مانگە زیاتر لە دوو هەزار و 354 مامەڵە لە سلێمانی تەواو بوون، مانگی رابردووش نزیکەی هەزار و 200 مامەڵە تەواو کرابوون".
 
بەپێی ئامارەکانی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە، لەنێویاندا 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازی هەن.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 2022-11-22 حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.