گەشتەکانی عومرە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومرە دیار نەکرابوو، بەڵام دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن و مانگی داهاتوو گەشتەکان دەست پێدەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، کاروان ستوونی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی بوونەوە، بۆیە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین و رێنمایی نوێ بۆ کۆمپانیاکان دادەڕێژین بە مەبەستی بردنی هاووڵاتییان بۆ عومرە، دواتر وادەیەک رادەگەیێنین تاوەکو سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن و گرێبەست بکەن".
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە دەڵێت: "بەهۆی رێکار و ئامادەکارییەکان، ئەگەر هیچ کێشەیەک لە گەشتە ئاسمانییەکان و هاتووچۆی پاسەکان روو نەدات، مانگی داهاتوو گەشتی عومرە لە رێگەی ئاسمانی و وشکانی دەستپێدەکەنەوە".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 390 کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرە هەن. کاروان ستوونی گوتی: "دەبێت هەموو کۆمپانیاکان گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵمان نوێ بکەنەوە، بڕە پارەیەکیش وەکو رەهن دابنێن، تاوەکو ئەو کۆمپانیایانەی کاری حەج و عومرە دەکەن جیابکرێنەوە لەوانەی دیکە."
 
8-6-2025، رێوڕەسمەکانی حەج تەواو بوون. 12ـی هەمان مانگ یەکەم کاروانی حاجییانی خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کە ژمارەیان 714 کەسە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێ کەوتن.
 
بڕیار بوو 14ـی مانگیش گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی حاجییان دەستپێبکات، بەڵام دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاردرا هەموو حاجییان بە رێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە، 17ـی حوزەیران هەموو حاجییان گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
 
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێ کەوت.