راپرسییەک: 64.4٪ـی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپرسییەک 64.4٪ی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان و تورکیا پشتیوانی پرۆسەی چارەسەری دەکەن؛ 22.5٪یان لە دژی پرۆسەکەن. هاوئاهەنگیکاری ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیش دەڵێت، "سەرگرتنی پرۆسەکە لە قازانجی سیاسیی کوردە."
ناوەندی راوەست بۆ راپرسی و لێکۆڵینەوە، راپرسییەکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی تورکیا و باکووری کوردستان کردووە، بە گوێرەی ئەنجامەکەی، جگە لەوانەی پشتگیریی پرۆسەکە دەکەن، یان دژی پرۆسەکەن، ٪13.2یان بۆچوونیان لەبارەی پرۆسەکە نەداوە.
لە راپرسییەکەدا بۆچوونی لایەنگرانی حیزبەکانیش لە بارەی پرۆسەکە وەرگیراوە، کە 60٪یان پرۆسەکە بە ئەرێنی دەبینن. زۆرترین پاڵپشتیکارانی پرۆسەکەش لایەنگرانی دەم پارتین، کە 88٪ پشتیوانی پرۆسەکە دەکەن؛ 34٪ی لایەنگرانی جەهەپە و 58٪ی لایەنگرانی ئی پارتی دژی پرۆسەکە دەکەن.
ئەو ناوەندە لەبارەی ئەوەی ئایا کورد و تورک وەکو یەکن؟ بۆچوونی خەڵکی وەرگرتووە؛ زیاتر لە 63٪ دەڵێن وەکو یەکن؛ کەمتر لە 29٪ پێیانوایە وەک یەک نین و زیاتر لە 08٪یش بە نازانم وەڵامیان داوەتەوە.
ناوەندی راوەست بۆ راپرسی و لێکۆڵینەوە، لەبارەی ئەنجامی پرۆسەی چارەسەری رای خەڵکی وەرگرتووە و بەم جۆرەیە: زیاتر لە 47٪ دەڵێن پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت؛ نزیکەی 30٪ پێیانوایە پرۆسەکە بێ ئەنجام دەبێت و زیاتر 23٪یش نازانن ئەنجامی پرۆسەکە چی دەبێت.
رۆژی سێشەممە، 24ی 6ی 2025، رۆژ گیراسوون، هاوئاهەنگیکار و سەرپەرشتیاری ناوەندی راوەست لە ئیستەنبووڵ، لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو و لەبارەی کەمی پشتگیریی لایەنگرانی جەهەپە بۆ پرۆسەکە گوتی: "لایەنگرانی جەهەپە لە پرۆسەکە دوودڵن؛ چونکە سیاسەتی کورد و جەهەپە لێک نزیکن؛ دەنگدەرانی کوردیش بەشێکیان دەنگیان بە جەهەپە داوە؛ بەهۆی پرۆسەی چارەسەرییەوە کورد لە رووی سیاسییەوە باڵادەست دەبێت؛ جەهەپەش لەوە دەترسێت و لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە."
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
رۆژ گیراسوون روونیکردەوە، "ئەو راپرسییە لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان کراوە؛ تەنیا لە شوێن و ناوچەیەکدا بۆچوونی خەڵک و دەنگدەر وەرنەگیراوە. باخچەلی و ئەردۆغان، دەسەڵاتدارن و خەڵک گوێیان لێدەگرێت؛ دەتوانن ئەو پرسە چارەسەر بکەن. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە، لە راپرسییەکەدا سەلاحەدین دەمیرتاش وەک کارەکتەرێکی کورد، دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوە."
لەبارەی بوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆککۆماری تورکیا، هاوئاهەنگیکار و سەرپەرشتیاری ناوەندی راوەست ئاماژەی دا، "هەموو هێز و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن لە بوونەوە بە سەرۆککۆماری ئەردۆغان دەترسن؛ کوردیش هەمان روانینی هەیە."
لە راپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە دەنگدەر و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن لەبارەی گەیشتنە ئەنجامی پرۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێن، لە قازانجی ئاکپارتی و دەم پارتییە؛ دەنگدەری دەم پارتیش پێیان وایە کورد لە رووی سیاسییەوە بەهێز دەبێت.
رۆژ گیراسوون دەڵێت، "ئەگەر پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت؛ حیزبەکانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی دانوستاندن و هاوکارییان زیاتر دەبێت." دەشڵێت، "پێشبینیی دەکەم لە کاتی سەرگرتنی پرۆسەکە، ناکۆکی بکەوێتە نێوان جەهەپە و دەم پارتی. چونکە دوای پرۆسەکە تێکەڵی ئاکپارتی و دەم پارتی زیاتر دەبێت و ئەوانیش ئەمەیان پێخۆش نییە."
لەبارەی داخوازییەکانی کورد رۆژ گیراسوون ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەکیترین داواکاریی کورد خوێندنە بە زمانی کوردی؛ زۆر بەڕوونی داوا دەکەن منداڵەکانیان بەکوردی پەروەردە بکەن. تورکیش لەو داخوازییە دوور نییە و رەتی ناکەنەوە؛ ئەگەر رای گشتیی تورک قاییل ببێت، رەنگە کورد و تورک لەسەر ئەو داخوازییە رێکبکەون."
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار کرابوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.