نیوزیلاند مافی پەنابەری دەداتە بەهرۆز بوچانی
رووداو دیجیتاڵ
بەهروز بوچانی، نووسەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی لە دایکبوونیدا مافی پەنابەری لە نیوزیلاند وەرگرت.
بوچانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی کتێبی "هیچ هاوڕێیەک جگە لە چیاکان"ە کە لە کەمپێكی کۆچبەران لە دوورگەی مانوسی ژێر دەسەڵاتی ئوستڕالیا لەسەر مۆبایلەکەی لەڕێگەی ئەپلیکەیشنی وەتسئەپ کتێبەکەی نووسی و بڵاویکردەوە.
بوچانی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 لە نیوزیلاندایە و لەدوای ئەوەی بەشداری لە فیستیڤاڵێکی تایبەت بە کتێب و نووسین کرد، حکومەتی نیوزیلاند بڕیاریدا مافی پەنابەری پێبدات.
نووسینگەی کۆچبەرانی نیوزیلاند رایگەیاند، حکومەت بڕیاریدا بە پەسندکردنی داواکەی بوچانی و ئەو ئێستا مافی پەنابەری هەیە و دەشتوانێت لە هەموو مافە پەنابەرییەکانی سوود وەرگرێت.
نووسینگەی کۆچبەرانی نیوزیلاند، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەژێر یاسای ساڵی 1951 و هەروەها پرۆتۆکۆڵی ساڵی 1967ی پەنابەران، دان بە مافی ئەو وەک پەنابەر لە نیوزیلاند نراوە.
میدیایی نیوزیلاند ئاشکرایکردووە، نووسینگەی پەنابەر و کۆچبەرانی نیوزیلاند رۆژی 23ی ئەم مانگە مافی پەنابەرییەکەی پێداوە کە رۆژی لەدایکبوونی بوچانییە.
بەهرۆز بوچانی لە ساڵی 2013دا لە بەلەمێکی تێکشکاو لە زەریای ئارام نزیک لە ئوستڕالیا رزگارکرا و بۆ ماوەی 6 ساڵ لە کەمپێكی دوورگەی پاپوا نیو گینیا لەژێر چاودێری حکومەتی ئوستڕالیا مایەوە.
کتێبەکەی بوچانی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، مانگی ئابی رابردوو بەهرۆز بوچانی، خەڵاتی باشترین ژیاننامەی ساڵی ئوسترالیای پێبەخشرا. بوچانی لە کاتێکدا ئەو خەڵاتە وەردەگرت کە ماوەی شەش ساڵ بوو لە کەمپێکی کۆچبەران لە دوورگەی مانۆس دەستبەسەر بوو.
خەڵاتەکە بە “خەڵاتی ژیاننامەی ناوخۆی ئوسترالیا” ناسراوە و لەلایەن کتێبخانەی هەرێمی وێڵزی باشووری نوێ پێشکەش دەکرێ. خەڵاتەکە بە گرانبەهاترین خەڵاتی ژیاننامەی ئوستالیا لەقەڵەم دەدرێ و براوەکەی 25 هەزار دۆلار وەردەگرێ.
بوچانی بەهۆی دەستبەسەرکردنییەوە کە لە دوورگەی مانۆس نەیتوانی لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکە ئامادە بێت. لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ ئامادەبووانی بۆنەکە کرد و گوتی “نامەوێ باسی ئەدەبیات بکەم، تەنیا حەز دەکەم ئەوە بڵێم کە کۆمەڵگەی ئەدیبان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی ئوسترالیا بەشێک بوون لە خۆڕاگری ئێمە لەبەردەم ئەم سیستەمەدا، بە بڕوای من ئەمە شتێکی بەنرخە و سوپاسی هەموو لایەک دەکەم کە کارەکەیان منیان بە شایان زانیوە".
بوچانی، کە لە 2013ەوە ئێرانی جێهێشتووە، پێشتر لە گۆڤاری کوردیی “وریا” کاری کردووە، دەرچووی هەردوو زانکۆی تەربیەت موعەلیم و تەربیەت مودەریسی تارانە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان، جوگرافیای سیاسی و جیۆپۆلیتیک. مامۆستایە لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی وێڵزی باشوور، لێکۆڵەرە لە ناوەندی کۆچبەرانی ئاسیای سەر زەریای هێمن لە سیدنی، ئەندامی فەخری گروپی نێودەوڵەتی پێنە.
ئەوە یەکەمجار نییە نووسەرە کوردە بۆ ئەو کتێبەی خەڵات وەربگرێ. سەرەتای ساڵی رابردوو بوچانی خەڵاتی ڤیکتۆریەنی پێ بەخشرا، کە بە گرانبەهاترین خەڵاتی ئەدەبیی ئوسترالیا ناسراوە. دواتریش خەڵاتی ئەدەبیی وێڵزی باشووری نوێ و خەڵاتی پیشەسازیی کتێبی ئوسترالیای پێبەخشرا.
جگە لەم خەڵاتە ئەدەبیانە، بوچانی چەندین خەڵاتی رۆژنامەڤانی و مافەکانی مرۆڤیشی وەرگرتووە، لەوانەش خەڵاتی میدیایی رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی بۆ ساڵی 2017، خەڵاتی سیمپزیۆمی دادی کۆمەڵایەتی دیاسپۆرا، خەڵاتی کورسی بەتاڵی ئازادیی ڤیکتۆریا بۆ ساڵی 2018 و خەڵاتی ئاننا پۆلیتکۆڤسکا بۆ کاری رۆژنامەڤانی.
بەهرۆز بوچانی دوای شەش ساڵ لە دەستبەسەرکردنی لە دوورگەی مانوس، رۆژی 13-11-2019 ئازاد کرا، بوچانی دوای ئازادکردنی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "دەمەوێت بچمە شوێنێک بژیم، نەک تەنیا وەکو ژمارەیەک بمێنمەوە".