مامۆستایانی وانەبێژ داوا دەکەن بکرێنە گرێبەست


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایاننامەزرێنێت، با هاوشێوەی مامۆستایانی وانەبێژی عێراق بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 بیانکاتە گرێبەست. 
 
کارووخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە پەروەردەکان بەڵێننامەمان پێ پڕکراوەتەوە؛ هیچ گرێبەستێک لەنێوانماندا نییە. ئێمە لەو قوتابخانانەی کە دەوام دەکەین لە رووی گواستنەوە و مۆڵەتوەرگرتنەوە هیچ مافێکمان نییە. لە رووی ئەرک و ماندووبوونیشەوە هاوشێوەی مامۆستایانی دامەزراو رۆڵ دەبینین، بەڵام لە مافدا زۆر لەوان جیاوازین."
 
لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی پێویستییەوە ساڵانە ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەدا زیاد دەبێت.
 
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ گوتی: "ساڵانی رابردوو نزیکەی 17 هەزار مامۆستا بووین، ئەمساڵ نزیکەی 20 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە."
 
مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی بڕوانامەکەیان و ژمارەی ئەو وانانەی دەیانڵێنەوە مووچەیان پێدەدرێت.
 
کارووخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەیان دیپلۆمە بۆ هەر وانەیەک 3000 دینار وەردەگرن و بەکالۆریۆسیش 4000 دینار وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەیشدا مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ مامۆستایانی دامەزراو مووچەکانیان وەرناگرن کە هەمیشە ئەوە گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ بووە، بە تایبەتی ئەوانەی لە گوندەکان وانە دەڵێنەوە و هاتووچۆ دەکەن. 
 
بە گوتەی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، مانگی یەک 50 رۆژی بەسەردا تێپەڕی ئینجا مووچەیەکیان وەرگرتووە کە بە لێبڕینەوە بووە و، زۆر جار لە هەمان قوتابخانە مامۆستای دامەزراو دووجار مووچەی وەرگرتووە، کەچی مامۆستای وانەبێژ جارێک مووچەی وەرنەگرتووە.
 
کارووخ عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو کە دیارترین کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەیە، ئەگەر لە قوتابخانەیەکدا 10 ساڵ مامۆستای وانەبێژ بێت، دوای ئەوەی مامۆستایەکی دامەزراو بێتەوە قوتابخانەکە، ئەوا وانەبێژەکە قوتابخانەکە جێدەهێڵێت، وەک ئەوەی مامۆستا نەبووبێت. یان ئافرەت هەبووە کە حەوت ساڵ مامۆستای وانەبێژ بووە، بەڵام کاتێک بۆ مانگێک پێویستی بە مۆڵەتی دایکایەتی بووە پێیان نەداوە و بەو هۆیەوە قوتابخانەی جێهێشتووە تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە شوێنەکەی خۆی.