پێشبینی دەکرێت 500 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە هەولێرەوە بچنە نەجەف و کەربەلا
رووداو دیجیتاڵ
محەمەد سادق موعتەمێدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بۆ چلەی ئیمام حوسێن نزیکەی 500 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ زیارەت بچنە کەربەلا و نەجەف." سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش هەمان پێشبینی دەکات.
دوای کۆبوونەوی هەردوو پارێزگارانی هەولێر و ورمێ و واژۆکردنی لێکتێگەشتن لەنێوان هەردوولا، لەسەر ئەوە رێککەوتن کە بە هاوبەشی و هاوکاریی یەکدی نزیکەی 500 هەزار زیارەتکاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بچنە کەربەلا و نەجەف.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو ئەزموونەی پار زیارەتکاران هەیانبووە، داواکاریی زۆر هەیە لەلایەن خەڵکەوە بۆ تێپەڕبوون بە هەرێمی کوردستاندا. گوتیشی، "ئەم ژمارەیەی کە باس دەکرێت جارێ پێشبینییە، بۆ ئەم مەبەستە کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و ورمێ پێکدەهێندرێت بۆ هاتنی ئەم ژمارەیە لە زیارەتکاران کە پێشبینی دەکرێت 500 هەزار کەس بن."
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی، "هیچ بڕە پارەیەک لە زیارەتکاران وەرناگیرێت، وەکو گەشتیار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و پاسیان بۆ دابین دەکرێت بۆ گواستنەوە لە سنووری حاجی ئومەرانەوە بۆ هەولێر و دواتر لە هەولێرەوە دەبرێنە کەربەلا و نەجەف."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، "لە هەولێر شوێنی مانەوە بۆ ئەو زیارەتکارانە دیاریکراوە کە بریتییە لە دوو مزگەوت و پارکەکان، بە چاودێریی هێزە ئەمنییەکان لەو شوێنانە دەمێننەوە و تیمی تەندروستییان بۆ دابین دەکرێت."
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، "بەهۆی ئەوەی پار زۆر بە باشی پێشوازی لە زیارەتکاران کراوە، ئێران سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد و ئەو ئەزموونە وای کرد ئەمساڵیش خەڵک داوا بکەن بەو رێگەیەدا بگەنە شوێنی زیارەتکردنەکەیان."
ساڵی رابردوو 30 هەزار زیارەتکاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە سنووری پارێزگای هەولێر و دوای پشوویەک بە پاس چوون بۆ کەربەلا و نەجەف کە تەنیا لە سنووری حاجی ئومەران 25 هەزار کەس بوون.