هاونیشتمانییەک لە رێگەی چوونی بۆ عومرە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی دانیشتووی هەولێر لە رێگەی چوونی بۆ عومرە، لە نزیک کەرکووک تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و گیانی لەدەستدا، کچێکیشی بە سەختی بریندار بووە.
رووداوەکە نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە کەرکووک لە کاتێکدا روویداوە، پاسێکی هەڵگری عومرەکاران بەشێوەیەکی کاتی وەستاوە و ژنەکە لەگەڵ کچەکەیدا دابەزیون و ئۆتۆمبێل لێیداون.
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پاسەکە کێشە لە فێنککەرەوەکەی دروستبووە، بۆیە وەستاوە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە".
رێبوار ئازاد گوتی، پاسەکە کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو لە هەولێر بەڕێکەوتووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە. گوتیشی: "کێشەکە کاتی بووە، بەڵام ئەو ژنە نەیتوانیوە لەپاسەکەدا بمێنێتەوە و خۆی دابەزیوە".
ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە ناوی سوهەیلە عەبدولسەلامە و تەمەنی 52 ساڵە و مامۆستا بووە. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە گوتی: "تەندروستی کچەکەشی ناجێگیرە".
ژنەکە هاوژینەکەشی لەگەڵیدا بووە. بە گوتەی رێبوار ئازاد: "هاوژینەکەشی شایەتی رووداوەکەیە، کە بە هۆی هەڵەی ژنەکەوە بەداخەوە ئەو رووداوە روویداوە".
تەرمی ژنەکە لە دادپزیشیکیی کەرکووکە و بڕیارە دوای رێکارە یاساییەکان ئەمڕۆ بهێندرێتەوە شاری هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج چوونەتە سعودیە.