زیاتر لە 200 دووکانی بازاڕی کۆنی ئاکرێ مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی مێژوویی ئاکرێ، تەمەنی زیاتر لە100 ساڵە و نزیکەی 250 دووکان لەخۆدەگرێت، بەهۆی کۆنی و نۆژەننەکردنەوەی، رووبەڕووی مەترسیی چۆڵبوونی یەکجارەکی بووەتەوە. بەشێکی زۆری دووکانەکانی داخراون و کاسبکارانیش هۆشداری دەدەن کە ئەگەر حکومەت فریایان نەکەوێت، ناچار دەبن دووکانەکانیان دابخەن.
 
بازاڕی کۆنی ئاکرێ دەکەوێتە نێوەڕاستی شارۆچکەکە و تەنیشت مزگەوتی گەورە. لە ساڵانی رابردوودا، بازاڕەکە ناوەندێکی بازرگانیی گرنگی ناوچەکە بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی کردنەوەی بازاڕ، مۆڵی نوێ و نۆژەننەکردنەوەی، جمووجۆڵی تێدا نەماوە و بەشێک لە دووکاندارەکان تابلۆی "گوێزراوەتەوە" یان "بۆ کرێ"ـیان هەڵواسیوە.
 
"ئەگەر بە هانامانەوە نەیەن، 120 دووکان دادەخرێن"
 
رێکخراوی هایدار لە ئاکرێ، لەلایەن ژمارەیەک گەنجی خۆبەخشەوە دامەزراوە، ماستەرپلانێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە ئامادە کردووە و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
 
بەشیر عەلی، سەرۆکی رێکخراوی هایدار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مەزەندە دەکرێت 90 بۆ 100 دووکان داخرابن. پێشبینی دەکەین لە ماوەی 6 مانگی داهاتوودا ئەو رێژەیە بەرزتر ببێتەوە بۆ 120 دووکان، چونکە بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکەن بە هانایانەوە نەچین، ئەو دووکاندارانەی ماونەتەوەش شوێنەکانیان دەگوازنەوە."
 
سەرۆکی رێکخراوەکە داوا دەکات حکومەت پلانێکی درێژخایەن بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە جێبەجێ بکات، چونکە بژێوی 200 بۆ 300 خێزان لەسەر ئەو بازاڕەیە. 
 
"چوار رۆژە هیچمان نەفرۆشتووە"
 
کاسبکارانی بازاڕەکە دەڵێن، دۆخیان گەیشتووەتە ئاستێک کە ناتوانن کرێی مانگانەی دووکانەکانیان دابین بکەن و ناچارن لە گیرفانی خۆیان بیدەن.
 
مامۆستا کەریم تەها، یەکێکە لە دووکاندارەکانی بازاڕی کۆنی ئاکرێ و بە رووداوی گوت، "دۆخی بازاڕ زۆر خراپە و ئەمڕۆ هیچمان نەفرۆشتووە. کرێی دووکانەکەم 75 هەزار دینارە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە دەرناهێنینەوە. ماوەی چوار رۆژە لە دوو دووکاندا هیچ شتێکمان نەفرۆشتووە."
 
مامۆستا کەریم ئاماژەی بەوەش کرد کە داخستنی دووکان بووەتە دیاردە و "نزیکەی 50 بۆ 70 دووکان داخراون."
 
قایمقامی ئاکرێ: لە پلانماندایە بازاڕەکە نۆژەن بکەینەوە
 
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ، بە رووداوی راگەیاند، "پلانمان هەیە نەک تەنیا بازاڕی کۆن، بەڵکو خانووە کۆنەکانی ئاکرێش نۆژەن بکەینەوە."
 
سەبارەت بە بازاڕەکەش گوتی، "ئەم بازاڕە بۆ ئێمە شوێنێکی گرنگە؛ هەم لە رووی گەشتیاری و هەم لە رووی شوێنەوارییەوە، بۆیە مۆڵەتمان بە هیچ زێڕەنگەر نەداوە لە دەرەوەی بازاڕی کۆن دووکان بکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بازاڕەکە ببووژێتەوە."
 
قایمقامی ئاکرێ گوتیشی، "سەبارەت بە شێوازی نۆژەنکردنەوەکە، دەمانەوێت وەکو قەیسەرییەکانی هەولێر و زاخۆی لێبکەینەوە، چونکە ئاکرێ ناوەندێکی گرنگیی کەرتی گەشتیارییە."
 
دلاوەر بۆزۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی سەردانیدا بۆ ئاکرێ، سەرۆکی حکومەت زۆر پەرۆشی پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە بووە.
 
گوتیشی: "پلانێک هەبوو بۆ تەرخانکردنی دوو ملیار دینار لەلایەن حکومەتەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووە کۆنەکانی ئاکرێ، بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە دواخراوە، بەڵام هەر جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی ئاکرێ لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت."